سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

داواكاری گشتی له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كەیسی تۆمەتبارەكەی كفری هاته‌ ده‌نگ، رونكردنه‌وه‌ ده‌دات


دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تۆمەتبارێك كە گوایە لە بەرامبەر دزینی شیر و دایبی بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەكەی سزای زیندانی دراوە، دادوەرێكی داواكاری گشتی روونكردنەوەی زیاتر لەسەر كەیسەكەی دەدات.
دادوەر بورهان ئەحمەد لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا روونكردنەوەیەك دەدات لە سەر ئەو كەیسەی گوایا لەسەر شیر و دایبی دادگا 11 ساڵ حوكمی تۆمەتباری داوە، ئەو باسی راستی رووداوەكە و بەهەڵە مامەڵەكردن بەو كەیسە دەكات.
ئەو دادوەرە دەنووسێت، بەداخەوە ڕاگەیاندن بابەتی نەبوو، چونكە دەبوو پێش بڵاوكردنەوەی بابەتێكی ئاوا هەستیار بۆ ڕای گشتی نوێنەرێكی دادگا یان داواكاری گشتیشی ببینیایە و ڕوونكردنەوەی لەسەر بدایە، دواتر دادگا و دادوەرە بەریزەكان و داواكاری گشتی دوژمنی كەس نیین، بەڵكوو زۆر جار بە دوای بیانووی یاساییدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو كەسە ئازاد یان كەمترین سزا یان ڕاگرتنی سزاكەی بۆ بكەن گەر بەمەرجێ یاسا بوار بدات، چونكە دادوەر و ستافی دادگا و داواكاری گشتی لە هەمووشوێنێك مەحكوومن بە یاساو ناتوانن موخالەفەی بكەن و دادگای پێداچوونەوە بڕیاڕەكەی هەڵدەوشێنێتەوە گەر پیچەوانەی یاسا بوو.
زیاتر گوتی، گەر خەلەل لە یاسا هەبێت خەتای دادگا نییە و خەتای پەرلەمانە كە دەبێ ئەو یاسایانە كە نەگونجاون هەمواریان كاتەوە، هەروەها ئەم بابەتە كە ورووژێنراوە و ڕای گشتی لە گەڵیدا زۆر هاوسۆزە بەتایبەت كە باسی شیر و حەفازە دەكرێ، گوایە تەنیا لە سە دزینی چەند قوتوو شیر و حەفازەیەك 11 ساڵ حوكمی ئەو كەسەیان داوە، سەرەتا پێویستە ئەوە بزانرێ گەر ئەو كابرایە تەنیا یەك جار دزی بكردایە دادگا تەنیا ساڵێك و لەوانەشە حوكمەكەی بۆ ڕاگرتایە كە حوكمەكەی دەگاتە 10 ساڵ بە پێی مادە 443 یاسای سزادان.
ئەحمەد زیاتر دەڵێت، ئەو كەسە زیاتر لە 20 دۆسیەی لە دادگای تاوانەكانە و هەندێكێشی لە دادگای كەتنی كفریە و لەسە ر 15 دۆسیە كە هەمووی بە مادەی 443 و444 و446 تەكییف كراون و مادەی یەكەم حوكمی دەگاتە 10 ساڵ و دووەم 7 ساڵ و سییەم 5 ساڵ و ئەگەر كەسێك پێشینەی هەبێ، دادگا بۆ دووەم جار ناتوانێ یارمەتی بدا و حوكمەكەی بۆ سووك بكات، بەڵام لەگەل ئەوەشدا دادگا حیسابی بۆ ئەوەش نەكردووە و بۆ هەموو دۆسییەكان بەزەیی بەكارهێناوە بۆ 10 ساڵی 1 سال حوكمی داوە، بەڵام دادگا چی بكات كە خۆی دۆسییەكانی زۆرە و ئیعترافیشی كردووە و پێشتر خاوەن دووكان و ماڵەكان هەموویان سكاڵایان لە سەری تۆمار كردووە كە هەندێكیان دراوسێی خۆین تا ئاخر جار لە دووكانی سكاڵا كارێك كامێرا كەشفی دەكات و دەیناسنەوە و دەگیرێت و دان بە هەموو دزییەكانیدا دەنێت.
ئەو دادوەرە بەردەوام دەبێت، گەر دادگا بەزەیی بە كار نەهێنایە و یاسای وەك خۆی لەسە جێبەجێ بكردایە دوو یان سێ ئەوەندە حوكم دەبوو، دواتر دزی مافی گشتی تیایە، چونكە ئاسایشی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە تەنازوول قبووڵ ناكات و سەرجەم سكاڵاكاران لە گەڵی سوڵحیان كردووە، بەڵام دادگا ناتوانێ سوڵحەكە قبوول بكات، چونكە داواكە مافی گشتی تیادایە.
لە كۆتاییشدا دەڵێ، هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەمەوە كە دادگا تا حوكمێك دەردەكات زۆر خۆی ماندوو دەكات و هەوڵ دەدات لایەنی تۆمەتبار بگریت گەر سادەترین گومان هەبوو یان بەڵگەكان كافی نەبوون، ئازادی دەكات یان حوكمێكی سووكی دەدات گەر پێشینەی نەبوو یان گەر سوڵحی قبووڵ كرد دۆسییەكە دادەخات، ئەڵبەتە داوەر یان ستافی دادگای تاوانەكان
مرۆڤن و دەكرێ هەڵە بكەن ئەو كات یاسا مافی بە تۆمەتبار داوە بڕیارەكە تەمییز بكات و گەر پیچەوانەی یاسا بوو تەمییز هەڵی دەوەشێنێتەوە .
هه‌واڵی زیاتر