سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بۆچی بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ لە پۆستەكەی دوورخرایەوە؟

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت كە لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە زانیارییەكی ئاشكرا كردووە بەوەی ماوەی حەفت ساڵە حەوزی ئاوی شارەكەیان خاوێن نەكراوەتەوە.

دوا بەدوای ئەوەی، د.فەرهاد محەمەد لە پۆستی بەڕێوبەری تەندروستیی چەمچەماڵ دوور خرایەوە، ئەمڕۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (فەیسبووک) ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا نووسیویەتی: ”بە هەموو دەنگم هاوار دەکەم، ماوەی حەفت ساڵە، حەوزی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ خاوێن نەکراوەتەوە و سەربڕخانەی شارەکەش هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە.“

بەڕێوبەری لەكارلابراوی تەندروستیی چەمچەماڵ جەختی كردووەتەوە: ”شاری چەمچەماڵ بە تەنها خۆی هێندەی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانی سرووشتیی هەیە، کەچی پازدە ڕۆژ جارێک لە حەوزێکەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە کە ماوەی حەفت ساڵە خاوێن نەکراوەتەوە و حەوزەکە پڕە لە زبڵ و خاشاک و پیسی.“

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بانگەشەی ئەوەی كردووە كە لەبەر ئاشكراكردنی ئەو زانیارییە، ”لە پۆستەکەم دووریان خستمەوە، وامدەزانی ئەگەر ئەو تاوانە ئاشكرا بكەم، ڕێزم لێ دەگرن، کەچی دەریانکردم.“

هەروەك بە داواكاری گشتی دەڵێت: ”داواكاری گشتی ئەم نووسینەی من دەبینێت، بە ڕوون و ڕاشکاوی پێی ڕادەگەیەنم، کە حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارێک بۆ ماوەی حەفت ساڵە بەهۆی کەسێکەوە کە ڕێگر بووە لە بەردەم خاوێنکردنەوەی، خاوێن نەکراوەتەوە.“

هەروەك نووسیویەتی: ”دوای ڕاپۆرتەکەی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕێڕەوێکی لاوەکییان بۆ حەوزەکان دروست کردووە، بەبێ ئەوەی خانووە زیادەڕۆكان بڕمێنن و بەبێ چاودێریی ئێمە و کامێرا، حەوزەکان بە حساب پاک کراونەتەوە، بەڵام ئەی ئەو حەوت ساڵەی کە پاک نەکرایەوە؟ کێ لێی بەرپرسە و ئەو سەدان هاووڵاتییەی کە بێگومان بەهۆی پیسیی حەوزەکانەوە تووشی زیانی تەندروستی بوون، کێ لێی دێتە دەنگ؟ لە ڕاپۆرتەکەی خۆپاراستنی سلێمانی بە ڕوونی هاتووە کە حەوزەکان جگە لەوەی پڕە لە زبڵ و حەفت ساڵە پاک نەکراوەتەوە، ڕێگاشی نییە بچێتە سەر حەوزەکان و چاودێریی بکەی و کارەبای بەردەوامیشی نییە تا کۆنتڕۆڵی ئامێری پێدانی کلۆر بکەی، بە ڕێژەی گونجاو کلۆر بکرێتە حەوزەکانەوە و سیاجی حەوزەکانیش ڕووخێنراوە و ناوچەی موحەڕەمە نەماوە بۆ حەوزەکان.“

ئەو بەڕێوەبەرە دوورخراوەیە لەبارەی ڕۆژنامەنووسەكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی یەكێتییش دەڵێت: ”قەڵەمفڕۆشراوەکان، ئەوانەی کە پەیجی علووج بە پارەیەکی کەم بۆ مافیاکان دەبەن بەڕێوە، دوای ئەم ڕوونکردنەوەیە، دیسان پەلامارم دەدەن بۆ ئەوەی شوێنپێی تاوانی ئاغاکانیان بشارنەوە.“

بەپێی بەڵگەنامەیەکی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ دەست کەوتووە، ناوچەی پارێزبەندی (محەڕەمە)ی حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارەکە، لە (بانی مەقان) لەلایەن سەرمایەدارێکی نزیک لە یەکێتییەوە داگیر کراوە و بە شێوەی تەجاوز و نایاسایی خانووی لەسەر دروست کردووە.

بەڵگەنامەکە ئەوەشی خستووەت ەڕوو، ئەو سەرمایەدارە بینای لەسەر بۆڕییەکان دروست کردووە، بووەتە هۆی ڕێگری لە بەردەم شووشتن و پاکكردنەوەی حەوزەکە.

هه‌واڵی زیاتر