سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئاشکرابوو،بۆچی ئیسرائیل ھێرشی زەمینی بۆسەر شاری غەززە راگرت؟

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئەو هۆكارەی ئاشكرا كرد كە بۆتە هۆی دواكەوتنی هێرشی وشكانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە.
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، بڕیار بووە لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا هێرشی وشكانی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بكرێتە سەر كەرتی غەزە، بەڵام دواتر هێرشەكە دواخراوە.
ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری چەند ئەفسەرێكی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی كردۆتەوە، كەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە بە جۆرێك بووە كە ئاسمان هەوراوی بووە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی فڕۆكەوانە جەنگییەكان و ئەو كەسانەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كار پێ دەكەن، نەتوانن بە باشی ببینن و بەم هۆیەشەوە نەتوانن پشتێنەیەكی ئاسمانی بۆ هێزەكانی ئیسرائیل لەسەر زەوی دروست بكەن، بەم هۆیەوە دەست پێكردنی هێرشی وشكانیی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە دواخراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی هەواڵێكی (سكای نیوز عربیة)، بڕیار بووە لە ماوەی 48 كاتژمێری دوای هێرشەكەی حەماس، سوپای ئیسرائیل هێرشی وشكانی بكاتە سەر غەزە.
هەروەك ئەوەشی روون كردۆتەوە كە ئامانج لەو هێرشەی سوپای ئیسرائیل، بریتین لە:

  • كۆنتڕۆڵكردنی شاری غەزە.
  • كوشتنی سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی حەماس كە ئێستا كۆنتڕۆڵی كەرتی غەزەی بەدەستەوەیە.
    هەمان كەناڵ جەختی كردۆتەوە كە ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشە، هەزاران سەربازی ئامادە كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت هێرشەكە زۆر فراوانتر بێت لەو شەڕەی لە ساڵی 2006 لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان هەڵگیرسا. جگە لەوەی لە دوای ساڵانی نێوان 2008 و 2009، یەكەمین جارە ئیسرائیل هەوڵی هێرشكردنە سەر زەوییەكانی فەڵەستین و هێشتنەوەی لەژێر دەسەڵاتی خۆی (بە ڕێگەی سەربازی) دەدات.
    پێشبینی دەكرێت ئەم هێرشە بۆ سوپای ئیسرائیل زۆر قورس بێت، هەروەك وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دانی پێدا ناوە. ڕۆژنامە ئەمریكییەكەش ئاشكرای كردووە كە پێشبینی دەكرێت چەندان مانگ سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەزە لە شەڕدا بێت، شەڕەكەش هەر لەسەر زەوی نابێت، بەڵكوو لەژێر زەوی و لەو تونێڵانەش دەبێت كە حەماس لێی داوە.
    كەرتی غەزە، ڕووبەرێكی زەویی بچووكە كە سەرجەمی ڕووبەرەكەی 365 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی سەرووی 2 ملیۆن كەسە، بەم هۆیەشەوە پێشبینیی دەكرێت هێرشی وشكانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە، كارەساتی مرۆیی بخولقێنێت.
    ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەهۆی هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر كاردانەوەی ئیسرائیل، تاوەكوو ئێستا هەزاران كەسی سەربازی و مەدەنی لە هەردوو لایەنی شەڕەكە كوژراون و دەیان هەزاریش بریندار بوون یان زەرەرمەند بوون. جگە لەوەی سەدان هەزار كەس ماڵ و حاڵیان چۆڵ كردووە و لە دۆخێكی زۆر سەختدا دەژین.
هه‌واڵی زیاتر