سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

مەسرور بارزانی مەترسییە گەورەکەی ئاشکرا کرد

ئەمڕۆ یەكشەممە 15/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ”بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان” لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ماددە هۆشبەرەکانە.

ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی بەڕێز ڕۆژتان باش

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە كۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان) ئامادەم، دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە دەكەم كە تایبەتە بە یەكێك لە مەترسیدارترین دیاردەكانی ئەم سەردەمە.

بەپێی ئامارەكانی بەردەست، بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوە دایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ كۆمەڵگەكەمان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەڕژدی و بە بەرفراوانی كار لەسەر قەڵاچۆكردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەكات و هەموو هەوڵێك دەخاتە كار بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت.

لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرا كە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەماهەنگ و هاوكار بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.

بەڕێزان

كێشەی ماددە هۆشبەرەكان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێكی جیهانییە و زۆر لە كۆمەڵگەكان پێیەوە گیرۆدە بوون. بەداخەوە عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەكانی بەدەر نین. بێگومان ماددەی هۆشبەر هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بە كەسی بەكارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵكوو زیانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت كایەكانی كۆمەڵگە دەدات و هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.

هەرێمی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتی دەكرێت و هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت كە یەكێك لە شێوازە مەترسیدارەكان ماددە هۆشبەرەكانن و یەكێكە لەو چەكانەی كە بە شارەزا و ئاشكرا بۆ مەبەستی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستیی گەنجەكانمان بەكار دەهێندرێت، بۆیە دەبێت بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونكە هەڕەشە و مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە.

مافیاكان و بازرگانە تاوانبارەكان، هەرێمیان كردۆتە بەشێك لە پیلانە نەگریسەكانیان، هەوڵدەدەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێمی كوردستان وەربگرن وەك دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ شوێنەكانی تر. بۆ ئەم مەبەستەش رێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر بۆ بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان. ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی لە هەرێمەكەمان ژمارەی ئاڵوودەبوان لە هەڵكشاندا بێت.

بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناكانیان، بەردەوام بن لە ئەركی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پیلانە مەترسیدارەكانیان سەر بگرێت.

پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین كە بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی ماددەی 140، واتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان لەو ناوچانە هۆكاری ناسەقامگیرین و ڕێگریش دەكەن لەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان ببنەوە، بگرە بەداخەوە كە هەندێك لەو گرووپە چەكدارانە خۆیان بەشێكن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان.

هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكیان چڕ كردۆتەوە بۆ دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان، كە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنیان لەم ئەركە پیرۆزەدا بۆ دەخوازم، هەموو پشتیوانییەكی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ دووپات دەكەمەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، بە هاوكاریی وڵاتانی هاوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كار بكەن لە پێناو ئەوەی سەرچاوەكانی ئەو پەتایە وشك بكرێت، چونكە ئەمە پێویستیی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەكان هەیە.

ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانمان پێكهێناوە كە ژمارەیەك وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە. لە هەمان كاتدا سندووقێكیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دروست كراوە. لە لایەكی دیكەوە لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەشێك تایبەت كراوە بەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان). بەستنی ئەم كۆنفرانسەش بەشێكە لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی ئەم پلانە بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەك و خێراكردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی كە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی تووشی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوون بۆ نێو كۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دروستكردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبوان و تووشبوان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگە، داواش لە كەرتی تایبەت دەكەین، هاوكار و یارمەتیدەری حكوومەت بن لە هەوڵەكانی بۆ هاوكاریكردنی ئاڵوودەبوان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان تەنیا ئەركی حكوومەت نییە، بەڵكوو ئەركی هاوبەشی هەموو لایەكمانە، لەم ڕووەوەوە داوا لە دایك و باوكان، ناوەندی پەروەردەیی و ئاكادیمی و رۆشنبیرەكانمان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاكانی راگەیاندن، كەسایەتییە كاریگەرەكانی ناو سۆشیال میدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەكەم، هاوكار و یارمەتیدەری حكوومەت بن و هەریەكێك لە پێگەی خۆیەوە كار بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجەكانمان بكات و لە مەترسییە كوشندەكانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بكاتەوە. پێویستە هەڵمەتێكی چڕ و بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەست پێ بكەین، ئەمەش پێویستیی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و كاری هاوبەش و پێكەوەیی هەموومان هەیە.

لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بكەمەوە كە پێویستە ئێمە جیاوازی بكەین لە نێوان مافیا و بازرگانەكانی ماددە هۆشبەرەكان لە لایەك و ئەو كەسانەی كە دەبنە قوربانی و ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكان دەكرێن لە لایەكی ترەوە. ئەوانەی بە هەر هۆكارێك تووشی ئەم بەڵایە دەبن، پێویستە هاوكار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەركردنیان و دوورخستنەوەیان لەم ڕێگە مەترسیدارە. ئەمەش لە ڕێگەی كردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبوان و تووشبوان. بەڵام لە هەمان كاتدا دووپاتی دەكەمەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك، هیچ كەمتەرخەمییەك لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بكرێت و دەبێت بە توندترین شێواز ڕووبەڕوویان ببینەوە.

جێی ئاماژەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتیش پێویستیی بە هاوكاری و پشتیوانی هەیە، بە تایبەتی راوێژ و هاوكاریی لۆجستیی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكان، پێشنیاز دەكەم ستراتیژێكی گشتگیر و هاوبەش هەبێت بۆ هاوكاریكردن و هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە.

لە ماوەی رابردووشدا ڕێوشوێنەكانی هەماهەنگیی حكوومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان چڕتر كردۆتەوە، بە تایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێكخراو و ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیكردن بە مرۆڤ. هەروەها پێویستە لە ڕووی یاساییشەوە هاوكاریی حكوومەت بكرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێكۆڵەرانی هەرێمی كوردستان لە بابەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بازرگانان و ئاڵودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕێكخراوەكان و وڵاتان، بە تایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەم بوارەدا هەیە. بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەكمان بتوانین مەترسی و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگەكەمان كەم بكەینەوە.

هیوادارین ئەم كۆنفرانسە هاندەرێك بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەكان لەسەر هەموو ئاستەكان، هەروەها هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ پتەوتر بكات بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان خێراتر بكرێن لەپێناو پاراستنی كۆمەڵگەكەمان لەم دیاردە ترسناكە.

ئیتر هەر شاد و سەركەوتوو بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.

زۆر سوپاس.

هه‌واڵی زیاتر