سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

چەند میلیشیایەكی عێراقی ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل

سەرچاوەیەكی ئاگەدار بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ سێشەممە چەند میلیشیایەكی عێراقی هاوپەیمانی ئێران دەستیان بە ئامادەكاریی كردووە بۆ بەشداریكردن لە شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە سەرباری ئەوەی لە شەممەی ڕابردووەوە چەندین لێدوانی سەرکردەی میلیشیا چەکدارەکان لە بەغدای پایتەختی فیدراڵی بڵاو بووەتەوە، کە تیایدا باسیان لە ئامادەیی خۆیان كردووە بۆ بەشداریكردن لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، سەركردەیەكی دیاری كەتایبی حزبوڵای عێراقی بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە شەوی دوێنێ دووشەممە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا ئەنجام دراوە، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر ئامادەكاریی بەشداریكردن لە شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل.

ئەلعەرەبی ئەلجەدید ئەوەشی باس كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، سەركردە و نوێنەری حەفت میلیشیای عێراقی بەشدارییان كردووە، بڕیاریان داوە دەستێوەردانی راستەوخۆ بكەن ئەگەر هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لە نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل دروست بێت.

هەروەها بەڵێنیشیان داوە كە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا چەك و تفاقی سەربازی لە سووریاوە بگەیەننە سەر سنوورەكانی ئیسرائیل و هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

هه‌واڵی زیاتر