سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

كردنەوەی ئەژمێری بانكی بۆ موچەخۆران كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

 دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەواوى بانکە بازرگانى و ئەهلییەکانى هەرێمی كوردستان، وەزارەتى دارایی موچەى فەرمانبەران لەرێگەى بانەکەکانەوە دابەش دەکات و مووچەخۆر ڕاستەوخۆ لە بانکەوە موچەکەى وەردەگرێت، هاوكات سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاسای چاکسازیش دەڵێ تا ئێستا ٢٠ هەزار مووچەى نایاسایی مووچەخۆران بڕاون.

ئەمڕۆ ٣٠/٨/٢٠٢١ لە دیوانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى نێوان وه‌زاره‌ت و بانکە بازرگانییەکان بەڕێوەچوو، تا کۆدی بێ هاوتایان پێ بدرێت بۆ دابەشکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

دواى کۆبوونەوەکە  ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: بەپێی یاسای چاکسازى لە هەریمى کوردستان کە لە مانگى حەوتى ساڵى ٢٠٢٠وە جێبەجێ کراوە، بڕگەیەکى تێدایە تایبەت بە کردنەوەى ئەژمێری بانکى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، لەمڕۆوە ئەو بڕیارە چووه‌تە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەى مووچەخۆران لە ڕێی بانکەوە مووچەکانیان وەرگرن، ئەویش هەم بۆ پێدانى مووچە، هەروەها بۆ وەرگرتنى بارکۆدى بێ هاوتایە بۆ ئەوەى مووچەخۆران بۆ تەواوى کاروبارەکانى خۆیان ئەو ئەژمارە بەکار بێنن.

باسی لەوەش کرد کە یاساى چاکسازى تایبەت لە ڕێکخستنەوەى کەرتى بانکى ئەوە کارەکانى چووه‌تە وارى جێبەجێکردنەوە.

لەلایەن خۆیەوە د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى گوتى: لە ساڵى ٢٠٢٠وە هەنگاوى زۆر جدى نراون بۆ جێبەجێکردنى یاساکە، گرنگترین خاڵیش سوودوەرگرتن بووە لە سیستمى بایۆمەترى، ئەوانەش بە بڕینى مووچەى زیادەى ئەوانەى لە مووچەیەک وەردەگرن کە تا ئێستا ٢٠ هەزار مووچەى مووچەخۆرانى زیادە راگیراون.

گوتیشی: ئێستا زانیاریى تەواو بۆ هەموو وەزارەتەکان ڕەوانەکراونەتەوە و تەواوى مووچەخۆرانى مەدەنى و وەزارەتى ناوخۆش (هێزەکانى ناوخۆ) هەنگاوەکانى تەواو کراوە، بە گشتى فەرمانبەران بایۆمەترییان بۆکراوە، لەگەڵ کۆدی بێ هاوتا تەواوى زانیارییەکان لەبارەى مووچەخۆرانەوە دەکەونە دەست دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و تا ئێستاش یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان بۆ کراوە و سیستمەکەش لە تۆمارکردن بەردەوامە.

گوتیشی ئێستا کۆدی بێهاوتاى تەواوى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کراوەتەوە و رادەستى وەزارەتى دارایی کراوە و ئێستاش ڕادەستى بانکە بازرگانییەکان دەکرێت و لەو سیستمەدا پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سیستمى ئەلیکترۆنى بانکى کارى لەسەر دەکات کە نزیکەى ٢٠ بانک کاردەکەن و هەموویان بە سیسته‌مێکى ئەلیکترۆنى هەموو بانکەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە.

عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتیشی تا ئێستا 450 هەزار موچەخۆرلە کوردستان ئەژمێری بانکیان بۆ کراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

هه‌واڵی زیاتر