سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا نییه‌


مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی رایگه‌یاند: پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا نییه‌.

لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، دیسان كەجەكە لە بەیاننامەیەکیدا کەوتووەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان.

وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟  

دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن. پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بە ڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو.

پێمان وایە باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١ـی شوباتی ٢٠٢١

هه‌واڵی زیاتر