سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

پەکەکە و یەپەگە لەسەر سنوری عێراق و سوریا ھێرشیان کردە ھێزەکانی زێرەڤانی

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کاتژمێر 01:00ی شەوی رابردوو لە سنووری رۆژئاوا و باشووری کوردستان شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە روویداوە، کە ویستوویانە “بە قاچاخ” بپەڕنەوە هەرێمی کوردستان.”
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “بەداخەوە شەوی رابردوو رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا روویدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە کاتژمێر 01:00ی شەو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیان دا بە رێگەیەکی قاچاخ و ناڕەوا”.
لەزگین وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی: “لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنوورە بەردەوامە، هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتووچۆ و هاوئاهەنگی بۆ بەیەکەوەگرێدان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە کاتژمێر 1ی شەو بەشێوەیەکی قاچاخ هەوڵیان دا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە دەبینرێن، دوای ئەوەی دڵنیادەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو رەوشەی لە رۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن. بەڵام کە دڵنیا دەبنەوە ئەوانە چەکدارن رێگرییان لێکراو داواشیان لێکرا بگەڕێنەوە”.
بە گوتەی سەربەست لەزگین زۆر هەوڵ لەگەڵ ئەو هێزە دەدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، کە ژمارەیان 8 کەس بووە، “سیانیان گەڕاونەتەوە، بەڵام پێنجیان هەوڵیاندا تاوەکو بێنە نێو هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەش رێگەیان نەدا بەو شێوە ناشەرعی و ناڕەوایە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لەو دەڤەرە، کە دەڤەرێکی زۆر هەستیارە، دەڤەری سحێلا و پێشابوور، کە ناوچەیەکی ناسراوە لە هەموو کوردستان”.
لەبارەی چۆنێتی روودانی شەڕەکەش گوتی: “دوای چەند کاژێرێک دیارە هێزێکی یەپەگە لەنێو سووریا خۆیان رێکخست و لە کاتژمێر 4ی بەرەبەیان هێرشی سەر خاڵێکی پێشمەرگەیان کرد لەو دەڤەرە، هێرشێکی دڕندانە بە هەموو چەکێکی گران، بیکەیسی و 22 ملیم و دۆشکەو ئارپیجی، زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکیش شەڕەکە بەردەوامبوو، پێشمەرگەکانی ئێمە لەو خاڵە ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوانیش هەوڵیاندا دەستە بەسەر ئەو خاڵەدا بگرن و هێرشی بکەنە سەر، بەڵام لە ئەنجامدا نەیانتوانی بە ئامانجەکەیان بگەن و بە شکشسخواردن گەڕانەوە نێو سنووری سووریا”.
سەربەست لەزگین زیاتر لەبارەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی: “ئێمە رێگە نادەین هیچ قاچاخچییەک، هیچ چەکدارێک لەبەرچاوی ئێمە و لەژێر سێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێمی کوردستان، نە پەکەکە و نە غەیری پەکەکە و نە هەر هێزو رێکخستنێک کە لەژێر هەر ناونیشانێک خۆیان دەناسێنن”.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێکدادانەکانی ئەو دواییەی سنووری ئامێدی و ئەوانەی پێشتر لە سنووری چەمانکێ و هەروەها رووداوەکەی شەڕی رابردوویشی بەستەوە بە “ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆردارییەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامە”. دەشڵێت: “بە داخەوە هەندێک بەناو رێکخستنی کوردی بوونەتە دارەدەست و پەناگە بۆ ناحەزان و دوژمنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لەو پلان و بەرنامەیەی کە دوژمنان و ناحەزان دەیانەوێت تێکدان و هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان ببینن، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە بۆ ئەوان و دارودەستەکانیان”.
هه‌واڵی زیاتر