سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

چەکدارانی پەکەکە ،پێشمەرگەیەکی خەڵکی باکوری کوردستانیان شەھید کرد

چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە هێرشەكەی شەوی ڕابردوویاندا بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە سێ لاوە پەلاماری پێشمەرگەیان داوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێكی پێشمەرگە شەهید بووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كەوتووە، چەكدارانی پەكەكە بە پلانێكی پێشوەختە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك داوە و لە ئەنجامیشدا پێشمەرگەیەك بە ناوی جاهید عەبدولڕەحمان كە پلەی ملازمی یەكەمە شەهید بووە.

بەپێی زانیارییەکان،لە دەروازەی گوندی سەرگەلێ بۆ گوندی دێرەشێ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، پێشمەرگە بازگەیەكی لەسەر شەقام داناوە بۆ ڕێگەگرتن لە كاری نایاسایی و قاچاخچێتی، بەڵام ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە بەبێ گوێدانە بازگەكەی پێشمەرگە و بە خێراییەكی زۆر هاتووە، چەكدارانی پەكەكە لە نێو ئۆتۆمبێلەكە تەقەیان لە پێشمەرگە كردووە.

هاوكات لەگەڵ ئەو تەقانەی لە نێو ئۆتۆمبێلەكەوە لە پێشمەرگە كراوە، چەكدارانی پەكەكە لە سێ لاوە تەقەیان لە هێزەكەی پێشمەرگە كردووە، لە بەرامبەریشدا پێشمەرگەكانی بازگەكە بەرگرییان لە خۆیان كردووە و دۆخەكە ماوەی كاتژمێرێكی خایاندووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو پێشمەرگەیەی لەم پەلامارەدا شەهید بووە، بە ڕەگەز خەڵكی باكووری كوردستانە و ماڵی لە زاخۆیە، پێشمەرگەی سریەی دووی  فەوجی سێی لیوای یەكی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی بووە و خۆی جێگری بەرپرسی سریە بووە.

ئەمە یەكەمین جار نییە پەكەكە پەلاماری پێشمەرگە دەدات، لەم دواییانەشدا لە ٤ی ١١ی ٢٠٢٠ لە سنووری گوندی چەمانكێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، چەكدارانی پەكەكە پەلاماری پێشمەرگەیان دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

هه‌واڵی زیاتر