سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بەرپرسێکی پارتی: پەكەكە دەمێكە شەڕی دەوێت و ئێمە دانمان بە خۆماندا گرتووە

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەو كەسانەی دایەوە كە باس لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكەن و لە یەك ئاستدا باسیان دەكەن، ئەوانەشی بە ”دووڕووی سیاسی“ وەسف كرد كە حزبەكانیان لە حكوومەتن و پشتیوانی لە سینگدەرپەڕاندنی پەكەكە دەكەن.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و ژمارەیەك كەسی دیكە كە بە هەستی لاوازی كوردستانی و دۆستایەتییان لەگەڵ دوژمنانی كوردستان ناسراون، بە پاساوی بانگەشەكردن بۆ ڕەتكردنەوەی شەڕ، پارتی و پەكەكەیان خستۆتە یەك ئاستەوە.

لە بەرامبەردا عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوە كرد: ”چەند ڕۆژێك لەمەوبەر موراد قەرەیلان بە جۆرێك قسەی دەكرد كە بۆنی شەڕ لە قسەكانی دەهات. دەیگوت پارتی هێزی هێناوه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی پەكەكەی لێیه‌ و رێگاكانی هاتوچۆی گرتووه‌، لە كاتێكدا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر له‌ ناوچه‌ی زێباری ئه‌گه‌ر دانمان به ‌خۆمان نه‌گرتبا، شه‌ڕ ڕووی دەدا، باشه‌ له‌ قه‌رەیلان ده‌پرسین، چه‌كداری ئێوه‌ له‌ ناوچەی زێبارییان چ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ سنووری كوێیه‌ بۆچی رێگای سپیلك بۆ بارزان رێگای ئێوەیە؟ ئایا ڕێگەی پەكەكەیە بۆ دیاربه‌كر و شه‌مزینان؟ هاتوچۆی پەكەكە بۆ ده‌بێت له‌ سپیلك و بارزان؟ بێت بۆ لە ناوجه‌رگه‌ی ئەو شوێنانە نییە كە بۆی دامەزراون؟ خێرە بە گوتەی خۆیان هه‌موو دونیا ئەوان ئازادیان كردووە و دەڵێن رۆژئاوای كوردستان و شنگال و هەولێرمان پاراستووە و ئازاد كردووە، كەچی ناتوانن گوندەكەی ئۆجەلان ئازاد بكەن؟“.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ”‌په‌كه‌كه‌ بۆتە ئه‌سپی تەڕوادە، توركیا پێویستیان به ‌داگیركاری هه‌ر شوێنێك بێت، په‌كه‌كه‌ په‌لكێشی ده‌كات و به‌دوای خۆیدا دەیانهێنێت بۆ ئه‌و شوێنه‌، تاوەكوو توركیا پاساوی داگیركردنی هەبێت، چونكە توركەكان دەڵێن پەكەكە گرووپێكی تیرۆریستییه‌ و ناوچەكانی داگیر دەكەین“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەر بە هۆی پەكەكەوە هێزەكانی توركیا هاتوونەتە نێو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و نەتواندراوە دەربكرێن. گوتیشی: ”پەكەكە و هەندێك لایەن ئەو قسەیەی سەرۆك بارزانییان قۆستۆتەوە كە گوتوویەتی نابێت شەڕی كورد و كورد بكرێت، بەم هۆیەشەوە ناهەقی بەرامبەر بە كوردستان و پارتی دەكەن“.

عەلی عەونی ڕوونی كردەوە كە خەباتی پەكەكە ئەگەر لە شوێنێك ڕێگەپێدراو بێت، باكووری كوردستانە و ئەگەر دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان بژین، دەبێت بەبێ هێزی چەكدار خەباتی خۆیان بكەن و دان بە دامەزراوەكانی كوردستاندا بنێن، ”پەكەكە دەمێكە شەڕی دەوێت و پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانیان بە خۆیاندا گرتووە، بۆیە ئەگەر باسی شەڕ دەكرێت، نابێت پارتی و پەكەكە بخرێنە یەك ئاستەوە، پارتی هەستی بە بەرپرسیارێتی كردووە، كەچی ئەوان خەریكی ئیستفزازكردنن.‌ په‌كه‌كه‌ بە ئاشكرا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به ‌تایبه‌تیش قسه‌كانی جه‌میل بایك و موراد قه‌ره‌یلان بۆنی شەڕیان لێدێت، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان داوا لە پەكەكە بكەن، واز لەو هەوڵەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ بهێنێت“.

جەختیشی كردەوە، پەكەكە ئەگەر گوندێك لە باكووری كوردستان ئازاد بكات، خەڵكی ستایشی دەكات، بەڵام ”من سی ساڵە گوندەكەی خۆمم نەبینیوە، چونكە ئەگەر بمانەوێت بچین، داوای ناسنامەمان لێ دەكەن، كەس نییە پێیان بڵێت ئەی كوا ئێوە ناسنامەكەتان كوێیە و بۆچی ئێوە داوای ناسنامەمان لێ دەكەن لە كاتێكدا ئێمە لەسەر خاكی خۆمانین؟“.

لە بارەی هەندێك لایەنی سیاسیشەوە ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی نیگەرانی دەربڕی بەوەی ”نیفاقی سیاسی“ لای بەشێك لە لایەنەكان هەیە و ”لە كاتێكدا بەشدارن لە بڕیاری سیاسی و لە حكوومەت و جومگەكانی دەسەڵاتن، كەچی لە ژێرەوە پشتیوانیی ئەو حزبە دەكەن كە هاتووە دژی هەرێمی كوردستان سینگ دەردەپەڕێنێت، وەزیفەی ئەو لایەنانەیە بە پەكەكە بڵێن هەرێمی كوردستان مەیدانی كاركردنی ئێوە نییە“.

نموونەشی بەوە هێنایەوە كە پەكەكە جگە لەو كارانەی لە دەرەوەی یاسا لە شنگال دەیكات و كچان و منداڵان دەڕفێنێت و زوڵمێكی زۆر لە خەڵكی دەكات، لە هەرێمی كوردستانیشدا بە هێزی چەك زوڵم لە خەڵكی دەكەن و باج و سەرانەیان لێدەستینن و بە ئارەزووی خۆیان فیلمی دادگاییكردنی خەڵك دروست دەكەن و دەیانكوژن، بەهۆی پەكەكەوە ٨٠٠ گوندمان وێران بووە، جگە لە هەوڵەكانیان بۆ بەئامانجگرتنی ئابووری و داهاتی خەڵكی كوردستان، بۆیە چیتر لێیان قەبووڵ ناكرێت.

هه‌واڵی زیاتر