سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گرووپی هێرشکار رادەگەیێنێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گرووپ رادەگەیێنێت و دەڵێت: گرووپێکیان “پەکەکە”ن و پیلانی هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو. گرووپێکی دیکەش هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنەسەر چەند دامودەزگایەکیان داوە، گرووپەکەی دیکەش بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2020، بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایش “دوو پیلان پووچەڵکراونەتەوە کە یەکێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان – PKK پیلانی بۆ دانراوە، بەڵام توانراوە پووچەڵبکرێتەوە. کە هەندێکیان پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووانی ئەوروپا هەبووە و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون.”
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە کەیسی یەکەمدا 12 کەسی گومانلێکراو کە پەیوەندییان بە “پەکەکە”ـەوە هەبووە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە پیلانی هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆمتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکان و پەلاماری کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێمی کوردستان داڕشتبوو. ئەنجوومەنی ئاسایشی دەڵێت: “دوو هاووڵاتی سووری دەستگیرکراون و بەپێی ماددەی 1ی یاسای 21ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.”
سەبارەت بە کەیسی دووەم کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە ماوەی ساڵێک بەدواداچوونیان بۆ کردووە و تێیدا هاتووە ، کە هەشت کەس دەستگیرکراون کە هەموویان هاووڵاتی عێراقین و “ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری تووندووتیژییان لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە. هەروەها پیلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو.”
یەکێکی دیکە لە گرووپەکان کە ماوەی ساڵێک لەژێر چاودێریدابوون لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانراوە حەوت کەسیان لێ دەستگیربکرێن کە هاووڵاتی عێراقین، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پیلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو.”
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
راگەیێندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان
هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە. هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون.
ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.
دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە. لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش( ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا.
لە کەیسی یەکەمدا 12 کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کۆنسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ  پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان. لە دوای چاودێریکردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراويش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. گومانلێکراوان بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تائێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری تووندووتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە. هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن.
بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لە بارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پیلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو. گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێمە حکومەتە بیانی و دەزگە هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تائێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردۆته‌وه‌.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
2020/10/26
هه‌واڵی زیاتر