سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

نووسەرێکی رۆژئاوای کوردستان: پەکەکە نەوتی ڕۆژئاوای كوردستان بە قاچاخ بە توركیا دەفرۆشێت

نووسەر و رۆشنبیرێکی رۆژئاوای کوردستان، باس لەوە دەکات کە ئەوانەی لە سەرەتای ئەزموونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سووریا لەگەڵ ئەو حزبەدا بوون و ئێستاش لەگەڵیدان، نایانەوێ دان بەوەدا بنێن، کە “پەكەكە ئێمە و ئەوانیشی هەڵیخەڵەتاندووە”. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە پەكەكە نەوتی ئەو بەشەی كوردستان بە قاچاخ بە توركیا دەفرۆشێت.

هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەر و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوای كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “ئەوانەی لە سەرەتای ئەزموونی پەكەكە لە سووریا لەگەڵ ئەو حزبەدا بوونە و ئێستاش هەر لەگەڵیدان، باش دەزانن ئەو حزبە درۆی لەگەڵدا کردوون و بەردەوامیشە لە درۆکردن لەگەڵ کوردانی سووریا، هەروەها بەری خوێن و وزە و سامانی کوردستانی رۆژئاوای چنیوەتەوە”.

دەشڵێت: “ئەوانە دان بەوەدا نانێن كە پەكەكە هەڵیخەڵەتاندوون و هەڵماندەخەڵەتێنێ، چونکە ئەوانیش لە داپۆشینی ئەو هەڵخەڵەتاندنە تێوەگلاون، بۆیە ئەوانە بەخۆیان پێدەکەنن و پێشیان وایە ئەوەی رەخنە لە پەکەکە بگرێ، ئەوا دڵی پڕ لە کینەیە و ئەوانەیشی ئاراستەیان دەکەن خیانەتکارن”.

ئەو رۆشنبیرەی رۆژئاوای کوردستان ئاشكرای كردووە: “ئەو كەسانە باش دەزانن، تا ئەم ساتەش، نەوتی ناوچە كوردییەكانی سووریا بە قاچاخ بۆ تورکیا دەنێردرێت، لە بەرامبەریشدا گوللە و خوێن و خاپوورکردن و داگیرکاری بۆ عەفرین و سەرێكانی دێت”.

هۆشەنگ ئۆسێ جەختیشی كردۆتەوە، ئەو سیاسی و رۆشنبیر و میدیاکارانە، یان هەندێکیان باش ئاگادارن كە بە قاچاخبردنی نەوتی ناوچە كوردییەكانی سووریا بۆ تورکیا نەوەستێنراوە، “تەنانەت کاتێ کە کۆبانێ گەمارۆ درابوو و لە لایەن داعشەوە داگیر کرا، ئەوکاتەش کە عەفرین گەمارۆ درا، دوای داگیرکردنیشی لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوانی، نەوت هەر بەقاچاخ دەبرا”.

لە کۆتاییشدا نووسەرەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كە پێشتر چەند ساڵێك خۆی لە میدیاكانی پەكەكەدا كاری كردووە، نووسیویەتی: “من كە ئەمانە دەڵێم، دەزانم هەندێک کەس وا نیشان دەدەن كە بە قسەكانم پێدەكەنن، چونکە لە ڕاستیدا بوێریی ئەوەیان نییە دان بەو حەقیقەتە تاڵ و دژوارەدا بنێن”.

ھەمان ھەواڵ بە زمانی عەرەبی:

كاتب كوردي سوري: PKK يبيع نفط غربي كوردستان لتركيا

هه‌واڵی زیاتر