سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سەنگەر عەبدوڵڕەحمانی روداو،مەلا بەختیاری شەرمەزار کرد

مەخموور چۆن ئازاد کرا؟

ھەندێک راستی بۆ یەکەمجار

ھەمووان ئەو دیمەنانەیان لەبەرچاوە، کە شەوی یەکەمی ھێرشی داعش بۆ مەخموور لە شاشەی رووداوەوە گوازرایەوە، ئەو شەوەی کە داعش لە مەخموور نزیک بوویەوە و بەشێک لە دانیشتووانی ھەولێر بەرەوە دەرەوەی شار رۆشتن. وەک یەکەم میدیا و میدیاکار چووینە مەخموور، ھەمووان دیمەنەکانیان لەبەرچاوە کە لەنێو مەخموورەوە قسەمان کرد و گوتمان مەخموور پێشمەرگەی تێدایە و شەڕ لە دەرەوەی مەخموورە، ناھاوسەنگی ھێز و بەھۆی ئەو چەك و جبەخانە گەورەیەی لە شەڕی مووسڵ دەست داعش کەوتبوو، وایکرد دوای دوو رۆژ بەرگری ھێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی مەخموور پاشەکشە بکات، ھێزی پێشمەرگە لە “بازاڕگە” جێگەی خۆیان توندوتۆڵ کرد. ھێزەکان بە سەرپەرستی نەجات عەلی فاتم کە بەرپرسی میحوەرەکە بوو رێکخرایەوە، رۆژی ١٠-٨-٢٠١٤ خۆیان بۆ ھێرشی سەر مەخموور ئامادە کرد. قۆڵەکان دابەش کران، کاک عەلی سلێمان بەرپرسی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی و کاک شەریف بێدۆدی بەرپرسی پاسەوانانی کاک نێچرڤان بارزانی لە قۆڵی گوندی پاڵانیان، ھێزێکی سوپای عێراق کە کورد بوون و ھەمەڕ و چەکی باشیان پێبوو راستەخۆ و بە رێگای سەرەکیدا بۆ ناو مەخموور، ھێزەکانی پەکەکەش لە کەمپی مەخموورەوە، ھێزەکانی دیکەش وەک ھێزی پشتیوانی ئامادەکران، پاشنیوەڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی پلانی ھێرش کرا، ھەمووان دیمەنی راستەوخۆی ئەو دوو ھامەڕەیان لەبەرچاوە کە وەک یەکەم ھێز چوونە ناو مەخموور، کاک سامی ھەرکی و نازم ھەرکی و ھێزەکەیان داخڵی مەخموور بوون، دوای ئەوانیش ھامەڕێک کاک عەلی حسێن بەرپرسی لقی ٢، باجەرێکی گەورە کاک نەجات عەلی فاتمی تێدابوو، داعش بەرگری کەم بوو بۆ دەرەوەی مەخموور هەڵدەهاتن، کاک عەلی حسێن و کاک نەجاتی عەلی فاتم دوایان کەوتن تا ناوچەی قەڵات کە گردۆڵکەیەکی خۆڵ و وشکە، بەو شێوەیە مەخموور بە تەقەیەکی کەم و قوربانییەکی کەم ئازاد کرا، من و سروودی کامێرامان ئەو دیمەنانەمان تۆمارکرد، گەڕاینەوە بۆ “بازاڕگە” بۆ ئەوەی دیمەنەکان بنێرین و ئێس ئێنجی (سەیارەی راستەخۆ) ببەمە ناو مەخموور راستەخۆ بکەین، لەسەر شەقامە سەرەکییەکەی دەرەوەی مەخموور ھێزێک رێگەیان لێگرتین و وتیان نابێ بڕۆن، وتم ئێوە کێن، وتیان جەماعەتی کاک مەلا بەختیارین و خۆشی لەوێ دانیشتووە وەرە قسەی لەگەڵ بکە، رۆشتم کاک مەلا بەختیار و کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک پۆڵاد تاڵەبانی لە سێبەری دیواری خانوویەکی تەواو نەکراو دانیشتبوون، ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ کاک مەلا بەختیار کرد؛

کاک بەختیار: بۆکوێ دەچیت کاکە؟

من: بۆ ناو مەخموور.

کاک بەختیار: شەڕە و خەتەرە نابێ بڕۆیت گیانت ئەکەوێتە مەترسی.

من: کاک بەختیار شەڕ نەماوە من لەوێوە دێمەوە تەواو بووە.

کاک بەختیار: نا کاکە شەڕە و ھێشتا داعش لە ناو مەخموور ماوە.

من: نا کاک بەختیار من لەوێ بووم و کاک نەجات و کاک عەلی و کاک عەلی سلێمان و کاک شەریف بێدۆدی و ھێزەکانیان لە ناو مەخموورن و ھیچ شتێک نەماوە.

کاک بەختیار: ئاخر شتێکت لێ بێت خۆت بەرپرسیت.

من: سوپاس بۆ خەمخۆریت، من سێ رۆژە لێرەم و ئێستاش لەناو مەخموورەوە دێمەوە!

کاک بەختیار و کاک بافڵم بەجێھێشت و چوومە قایمقامیەتی مەخموور، ھەمووان دیمەنی بەردەم قایمقامیەتیان لە پێش چاوە، چۆن کاک نەوزاد ھادی بە قوڕگی پڕ گریانەوە مژدەی ئازادکردنی مەخمووری راگەیاند، دوای ھەموو ئەمانە ھێزەکەی کاک بەختیار و ھێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی ھاتنە نێو مەخموور، بە گومانی ھەبوونی چەکداری داعش تەقەیان لە سایلۆی مەخموور کرد، پاشان دەرکەوت کەسی تێدا نییە! پاش تەواوبوونی شەڕەکە داعش لە دەرەوەی مەخموور چەند ھاوەنێکی گرتە نێو مەخموور، بەداخەوە دوو پێشمەرگەی یەکێتی شەھید بوون چەند پێشمەرگەیەکی پارتیش شەھید بوون.

دەمەو ئێوارە بوو کاک نەجاتی عەلی فاتم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی وەرە تەرمی چەند چەکدارێکی داعش کەوتوون لەسەر رێی قەراج مەخموور ئەگەر دەتەوێ وێنەی بگریت. بەپەلە چووینە شوێنەکە، لەو کاتەدا دوو ھامەڕی داعش گەڕانەوە و دەیانویست تەرمەکانیان ببەنەوە، شەڕێکی قورس لەنێوان ھێزەکەی کاک نەجات و داعش دروست بوو، چەند پێشمەرگەیەک شەھید و بریندار بوون و داعش چەند کوژراوێکی دیکەشیان بە جێھێشت، ئیدی مەخموور بەیەکجاری و بۆ ھەمیشە لە دەست داعش ئازاد کرا.

سەنگەر عەبدولڕەحمان

هه‌واڵی زیاتر