سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

جەلال تاڵەبانی تێگەیشت کە ھەورازی بارزان ( ھەروەک جارانە ) سەختە ، کەس نەیبڕیوە و وێناچێ کەسیش بیبڕێ !

لە 31 ی ئابدا چی ڕوویدا ؟
ھەن بە خیانەت ، ھەن بە داستان وەسفی ئەکەن ،، ئێ وەسفکردن حەقیقەت ون ئەکا ،، لە وەسفکردن بگەڕێ ،،،
23 ساڵ بەسەر 31ی ئابدا ڕەت بووە ، لەم 23 ساڵەدا ، ڕژێمە زل و زەبەلاحەکەی بەعس کەوت ، دەزگا ئیستخباراتیی و موخابەراتییەکانیی ھەڵوەشان ، بەرپرسەکانیشیان ، لە زیندان ، لەسەر شەقامەکان ، لە نێو کەمپی پەنابەران لە وڵاتان ، داوەشان ، ئەرشیفی ئەو دەوڵەتە پۆلیسییە وەک ئاردی ناو دڕک پەرشوبڵاوە و کونییە و ئەوەلیاتی دار و بەردی ئەم وڵاتە ، کەتە زار و کەوتە شار ،، کەچی ( یەک ) بەڵگەی نووسراو ، ئیمزایەک ، لەتە ورەقەیەک نادۆزیتەوە کە باس لە 31ی ئاب بکا !
23 ساڵە و چەندین حکوومەتی دژە کورد ،، چەندین حاکمی دژە پارتی و دژە بارزانیان لە بەغدا ھاتن و چوون ، کەچی شتێک بەناوی ڕێککەووتن ، لێکتێگەیشتنن ، تەنسیق و مەعامەلە ، لە نێوان پارتی و بەعسدا نەبینرایەوە کە بەکەڵکی موزایەدە ، ململانێ ، موساوەمە ، بگرە لە دادگاشدا ، بەکەڵکی سەلماندن بێ !
ئەوەی ھەیە و نیە ، نامەیەک و چەند وێنەیەکی فۆتۆیە و بەس ،،، نامەکەش ( کە گوایە ھی بارزانییە و ئاراستەی سەددامی کردووە ) لەتەلەفزیۆنی ڕەسمی عێراقەوە ، بێژەرێک ئەیخوێنێتەوە ، ئەویش بە دەق نا ، بەلکو تەنیا بەیەک دوو دێڕ ، باس لە ناوەڕۆکەکەی ئەکا و بەس ! لە ڕۆژنامەی ( العراق ) یش ، دیسانەوە ھەمان نامە بەھەمان شێوە کرچ و کاڵ ، باسئەکرێ ،،، ئیتر نە نامەکە ، نە کۆپییەکی نامەکە ، نە ڕەسمێکی نامەکە ،، لە ھیچ جێیەکی بینراو و بیستراو و نووسراودا ، نە دیارە ، نە دانراوە و نە کەسیش بینیووییەتی و نەھیچ کەسێکیش شتێکی لێ ئەزانێ !
لەوەتای 31ی ئاب ھەیە ، تەنیا قسە و وتی وتی لەسەر ئەم ڕووداوە ئەکرێ ، تەنیا تەحلیلاتە و فڕێئەدرێ ،،، قسەکردن ، لە ڕەحمەتی مامجەلالەوە دەستیپێکرد و گەیشتە قادر عەزیز و کاکەحەمە و ناسری ڕەزازی و دواجار ( بیل کیلنتۆن )ی سەرۆکی ئەمریکایشی گرتەوە ،، جا کلینتۆنیش ( ھەر وەک ئەو عالەمە ) ئیدانەی کرد ، بەس ( خوا ھەڵناگرێ ) وتی پەیامم بۆ سەددامیش ناردووە ! سەرەتا چاوەڕوان ئەکرا پەیامێک کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەددام و بەعسی بنێرێ ، ئەبێ وێرانکردنی لایەکی بەغدا ، یان ھیچ نەبێ لایەکی سوپا ھێرشبەرەکەی بەعس بێ کە ھێڵە سوورەکەی ( 36 ) ی بەزاندووە ! کەچی ھەموو خۆ گیڤکردنەوەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی ئەوەبوو کە یەک دوو موشەکی بە بینایەکی چوڵکراوی بەتاڵەوە نا ،،، ئەویش لە کوێ ؟ لە چۆڵەوانییەکانی دەورووبەری ( سەماوە ) ،،، دەی سەماوە تۆ لە کوێی !!!!
بەڕەحمەت بێ مامجەلال کە ئەو حەرەکەیەی ئەمریکای بینی ، ئینجا تێگەیشت کە لە دنیا چی ئەگوزەرێ ،، ئینجا تێگەیشت کە ( دووربینەکە ) لە سەری ڕەشەوە ، ھەر ھەولێر نا ،، زۆر دوورتریش ئەبینێ ! ئینجا ( ئەمجارەیش ) تێگەیشت کە ھەورازی بارزان ( ھەروەک جارانە ) سەختە ، کەس نەیبڕیوە و وێناچێ کەسیش بیبڕێ !
گەورە و بچووکی ماڵا بارزان بگەڕێی ، یەک دانەیان نادۆزیتەوە ھاوار بکا ،، بقیڕێنێ ،، مشەوەش بێ و شۆک یبگرێ ،، تیایاندا نیە ( یان من نەمدیوە ) تەنانەت لە ڕۆشتنیشدا ، بەپەلە بێ !
بارزانیان لەسەرخۆ ئەدوێن ، لەسەرخۆ ڕێ ئەکەن ، ئەعسابساردن ،، تەنانەت بە ھێمنیش توڕەئەبن ! ھیچ کاتێک بۆ ھیچ شتێک ، حیکمەت لەدەست نادەن ! ھەمیشە زیاتر لە کارتێک لەدەستیاندایە و بەپێی ئەو پلانەی کە ( پێشوەختە ) بۆ ھەموو شتێک دایانڕشتووە ،، کارتی گونجاو بەکارئەھێنن کە زۆرترین دەستکەووت و کەمترین زیانی ھەبێ !
خۆ ئێمە ھەموو ئەزانین لە 31ی ئاب چی ڕوویدا ،، بەس ( جگە لە سێ چوار کەس ) ، حەرام ئەگەر کەسی تر بزانێ ( چۆن ) ڕوویدا ! چون کاری ھۆشمەندان بوو نەک کاڵفامان ! گەمەیەکی سیاسیی بوو ، نە یاری مناڵان ،، کارێکی سەرپێیانەی سەرەڕۆیانەی موغامەراتیی نەبوو کە لە دەققەی یەکەمدا ، ھەر جێبەجێکاران خۆیان ، ژێر بەڕە بخەنە سەر بەڕە و حەیای خۆیانی پێ ببەن ! ئاخر ھەرلەبەرئەوەشە کە ئەرشیف و ئەوەلیاتی ئەم سی و یەکی ئابە ،، ئاسمان قوتی دا و ئەرز ھەڵیلووشی و با یش لەگەڵ خۆیا بردی !
31ی ئاب بەلای زلھێزانەوە ھەرچییەک بێ ، ئەوا بەلای بارزانیانەوە ھەلبژاردنێک بوو لە نێوان خراپ و خراپتردا ! ئێ ئەوانیش ( وەک ھەمیشە ) بەناچاریی ، خراپەکەیان ھەڵبژارد تا خراپتر نەقەومێ ،، ئاخر خراپتریش ھەبوو !
باشە تا ئێستا کەس پرسیووییەتی ئایا پارتی لە 31 ی ئابدا ، بۆچی گەمارۆی ھەولێری لەھەر چوارلاوە نەدا و قوفڵی نەکرد تا تاقە یەک یەکێتی دەرنەچێ ؟!
ئەم وەڵامە ، گێڕانەوەیەکی مێژوویی ئەوێ ،،،
ساڵی 1964 ، باڵی مەکتەبی سیاسیی لە ( ماوەت ) ی لای شارباژێری نزیک شاری سلێمانی بوون ، بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تیایدا ( لەسەر کاغەز ) مەلا مستەفای گەورەیان لە سەرۆکایەتی پارتی دوورخستەوە ،، بارزانی سەرێکی بادا و ئینجا ناوی خوای لێھێنا و جەولەیەکی لە ناوچەکەدا دەستپێکرد تا گەیشتە نزیک ( ماوەت ) ،، کە نزیکبووەوە ، قائید و قەواعیدی باڵی مەکتەبی سیاسی کەووتنە ھەڵھاتن ، بۆ ھەڵھاتنیش تەنیا ڕێگایەکیان شک ئەبرد کە پردێک بوو ! بارزانی ئەمری کردبوو ئەو پردە نەگرن ! لێیان پرسیبوو ئاخر ئەوان ھیچ نەما بە تۆی نەکەن ، تۆ بۆچی ڕێیان ئەدەی تا بۆی دەرچن ؟!
بارزانی وتبووی : ئەوانیش ھەر کوردن ، ئەمما سەرلێشێواون ، لێیان گەڕێن با بژین بەڵکو ئەمە خوایە عاقڵ بن !
لە 31 ی ئابیشدا ئەمە ڕوویدا .

شێروان تالیب

هه‌واڵی زیاتر