سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و سوپای پاسداران روویدا

لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ لەنێوان حدک و سوپای پاسداران روویدا و لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان گیانیان لەدەستدا و هاونیشتمانییەک بە سەختی برینداربوو. 

خالید وەنەوشە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو (سێشەممە، 27-8-2019) لە گوندی قەڵەڕەشەی سەردەشت، دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە بە ناوەکانی “عەلی پەروەر و برایم چاوەڕەش لە پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای پاسداران شەهید بوون”.
خالید وەنەوشە جەختی کردەوە لەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە لەکاتێکدا لەنێو گوندی قەڵەڕەشەدا کاری رێکخستنیان کردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بەهۆیەوە تێکهەڵچوون روویداوە و لە ئەنجامدا ئەو دوو پێشمەرگەیە گیانیان لەدەستداوە.  

سەرچاوەیەکی تایبەتیش لە سەردەشت رايگەیاند، لە تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و پێشمەرگەکانی حدک، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی قەڵەڕەشە بە سەختی برینداربووە. 

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژە بەوەدەکەن ئەو دوو پێشمەرگەیە بەشداربوون لە کوشتنی ئەندامێکی خۆجێی سوپای پاسداران، لە رۆژی دووشەممەدا لە پیرانشار، بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک لە هەولێر رەتیکردەوە ئەو تیمە پەیوەندییان بە رووداوەکەی پیرانشارەوە هەبووبێت. 

هه‌واڵی زیاتر