ئەمریکا و تورکیا رێککەوتن پێکەوە ناوچەی ئارام لە سووریا دابمەزرێنن و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیاش بڕەوێننەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە راگەیێندراوێکی سێ خاڵی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی وڵاتەکەی و بەرپرسانی تورکیا لە رۆژانی 5 تاوەکو 7ی ئەم مانگە بڵاوکردەوە.
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکان بریتیبوون لە تاوتوێکردنی پلانەکان بۆ هەبوونی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە “باکووری سووریا”.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندی ئەمریکا و تورکیا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
– جێبەجێکردنی دەستبەجێی رێکارە سەرەتاییەکان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا.
– دامەزراندنی سەنتەرێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە تورکیا بەزووترین کات بۆئەوەی هاوئاهەنگی و کار بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام پێکەوە بکرێت.
– دەبێت ئەو ناوچە ئارامە ببێتە رێڕەوێکی ئاشتی و دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆئەوەی سوورییەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
هەفتەی رابردوو جهیمس جێفری، نوێنهری تایبهتی ئهمریكا بۆ هاوپهیمانێتی دژی داعش و کاروباری سووریا رایگەیاند، لەلای ئەمریکا گونجاوە قووڵایی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەنێوان 5 بۆ 14 کیلۆمەتردا بێت و چهكە قورسەکانیش بكشێنرێنه دواوه.
بەڵام ئەو رووبەرەی ئەمریکا پێی گونجاوە كهمترە له نیوهی ئهوهی توركیا داوای دەکات. ئەنقەرە دهڵێت، ناوچه ئارامـهكه دهبێت له سنوورهكهیهوه به قووڵایی 30 كیلۆمهتر بچێته ناو سووریاوه.
هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ش پێشنیازەکەی ئەمریکا لەبارەی قووڵایی 14 کیلۆمەتر رەتدەکاتەوە و دەڵێت، نابێ لە پێنج کیلۆمەتر زیاتر بێت.