ئاژانسی پەیامنێر

سوپاس رۆژئاوا

سوپاس ڕۆژئاوا

زكری مووسا

هەر لە دەستپێكی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئیسراییل لە لایەك و ئێران لە لایەكەی تر، هەرێمی كوردستان بووەتە ئامانجی هێرشە ناڕەواكانی گرووپە میلیشیاكانی ناو عێراق، هێرشەكان ناڕەوا و بێ پاساون و شەڕفرۆشتنی ئاشكرا و جاڕدانی دوژمنایەتییەكی نەتەوەیی و تاییفین. سەرەتا هێرشەكان بە بیانووی بوونی هێزی ئەمەریكی لە هەرێمی كوردستان و بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بوون بەڵام ئێستا لە كردەدا شێوەی هەڕەمەكی وەرگرتووە و هەموو ژێرخان و گەڕەك و خانوو و شەقام و هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەكەنە نیشان. ئەمە هەوڵێكی زۆر ڕوونی میلیشیاكانە بۆ تێوەگلاندنی خەڵكی كوردستان لە شەڕێكدا كە هیچ پەیوەندی بە كوردستان و تەنانەت عێراقیشەوە نیە.

لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیی حكوومەتی عێراقی لە بەرانبەر ئەو زوڵمە ناڕەوایەدا، دانبەخۆداگرتنی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی كوردستان نەبێتە بەشێك لەو ئاڵۆزی و گرژییانە جێگەی دەستخۆشییە. ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بە هەر نرخێك بێت دەبێ بپارێزرێت، ئەمە ستراتیژ و سیاسەتە دروستەكەیە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو تاریكی و هەڕەشانەی ڕۆژانەی دژی هەرێم، دیمەنێكی ڕووناكیش هەیە، لە بەشێكی تری كوردستان جۆش و خرۆشێكی ڕەسەن و خۆماڵیی كورد بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لەئارادایە. لە كۆڵان و شەقام و گەڕەك و ناو ماڵی كوردان لە قامیشلۆ و عەفرین و دێركێ و عامودێ و و كۆبانێ و حەسەكێ و شار و شارۆچكە و گوندەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان، لەناو دڵی ئافرەت و پیاو و پیر و گەنج و منداڵ هاوسۆزییەكی ڕەسەن هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان. لەوێ ئەوان بە شێوەیەكی بەرچاو و ڕۆژانە دەچنە سەر شەقامەكان و دەنگی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی بەرز دەكەن. چەند مانگ بەر لە ئێستا خوشك و برایانیان لە هەرێمی كوردستان و ئەوروپا بۆ پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوا هاتنە سەر شەقام و ئێستاش ئەوان بۆ پشتیوانیكردنی خوشك و برایانیان لە هەرێمی كوردستان دێنە سەر شەقام و دەنگی پشتیوانیانی و هاوسۆزیان هەڵدەبڕن. ئەمە نیشانەی زیندوویەتیی ڕۆحی كوردایەتیە و هاودەنگیی نەتەوەییە. تێكڕای ڕووداوەكان، هەموو هێزەكان و ئەو كڵێشە شەڕانگێزانەی لە ناوچەكەماندا هەیە نەیانتوانیوە كار لەسەر ئەوە بكەن كورد لە ئامانج و ئاواتەكانیان دابڕێنن. سنوورە سیاسییە سەپێندراوەكان دوای سەدەیەك نەیاتوانیوە هەستی نەتەوەیەك خامۆش بكەن كە ئاشتی و پێكەوەژیان و دادپەروەریی دەوێت.

لێرەدا پێویستە تاك تاكی ئێمە پێزانین و سوپاسمان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا هەبێت؛ بۆ ئازایەتییان، بۆ هەڵوێستیان، و بۆ ئەوەی سەرباری ئەو دۆخە سەختەی كە تێیدا دەژیین بەڵام چركە بە چركە دڵیان بۆ هەرێمی كوردستان لێ دەدات. ئەم یەكدەنگی و یەكگرتووییە هێزی سەرەكیی گەلی كوردە لە هەموو پارچەكان و بە دڵنییاییەوە كاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان و مانەوەی دۆزی گەلی كوردستان بەجێ دەهێڵێت. داهاتوو تژییە لە ڕووداوی گەورە و كرانەوە و ڕووناكی، بۆیە پێویستە ئەو ڕۆحە هاوبەشەی گەلی كوردستان هەبێت و بەهێزتر بێت.

بژی دەنگی دلێری ڕۆژئاوا و بژی یەكگرتوویی گەلی كوردستان

Related posts

حکومەتی هەرێم هەنگاوی زیاتر لە بارەی کارەبا دەنێ

mahir

نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی حەوت

mahir

هەموو شتێک ئاشکراکرا لە بارەی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا

mohammad