
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەبەر داخرانی تەنگەی هورمز و راگیرانی هەناردەی نەوت، هەوڵ دەدەین لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان بکەین.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، “بە فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، رێگەمان پێبدات لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە، نەوتی کەرکووک هەناردە بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.”
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، “پلانەکە ئەوەیە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەین.”
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، “ئێستا بۆریی نەوتەکە ئامادەیە و تەنیا لەسەر رەزامەندیی هەرێمی کوردستان راوەستاوین، تورکیاش هیچ لارییەکی نییە.”
باسی لەوەش کرد، “لەم دۆخەدا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل و هەندێکجاریش تەنیا 20 هەزار بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت.”

