د. خالیدا خەلیل
تاوانی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجام درا، یەکێکە لە قێزەونترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەکەم. ئەمە تاوانێکی ڕێکخراو و سیستماتیک بوو، کە کۆمەڵکوژی، کەنیزەکردن، کۆیلایەتیی سێکسی، گۆڕینی دیمۆگرافی و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی ئایینی و کەلتوورێکی دێرینی لەخۆ گرتبوو. بەهۆی قەبارە و ئاڵۆزیی تاوانەکەوە، پێویستییەکی زۆر بە دامەزراندنی سیستمێکی پیشەییانەی بەدۆکیۆمێنتکردن هەبوو؛ سیستمێک کە ڕەهەندی مرۆیی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تاوانەکە لەخۆبگرێت ، تاوەکو مافی قوربانییان بپارێزێت و ڕێگە نەدات تاوانباران لە سزا دەرباز بن.
هەر لە سەرەتای کارەساتەکەوە، بەتایبەتی لە ١٥ی ئابی ٢٠١٤، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان درکی بەوە کرد کە بەدیهێنانی دادپەروەری لە پاراستنی بەڵگەکانەوە دەست پێدەکات. ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەی گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا چەندین جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە، کە زۆرجار پەردەپۆش کراون یان نکوڵییان لێ کراوە. بەڵام جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٤دا تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەبوو؛ لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و دۆکیۆمێنتکردنی دیجیتاڵیدا ڕوویدا، کە بووە هۆی زوو ئاشکرابوونی قەبارە و وردەکاریی تاوانەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوی داعش خۆی شانازیی بەم تاوانە دژەمرۆییانەوە دەکرد و لە میدیاکانییەوە بڵاوی دەکردنەوە، ئەمەش بەڵگەی ڕاستەوخۆ و حاشاهەڵنەگری خستەڕوو. هەر بۆیە، دۆکیۆمێنتکردنی سیستماتیک بۆ پاراستنی ئەم بەڵگانە لە فەوتان، بووە پێویستییەکی هەنووکەیی.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNITAD) ڕەخساند بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش. بە کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەم تیمە لە ئەیلوولی ٢٠٢٤، گرنگی بوونی مەرجەعییەتێکی یاسایی و دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی ئەو زانیاری و بەڵگانەی تیمەکە بەجێی هێشتوون، وەربگیرێن و بپارێزرێن. ئەمەش دەبێتە زامنی بەردەوامبوونی ڕێکارە دادوەرییەکان و ناسینەوەی ڕووفاتی قوربانییان لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA)ـەوە.
سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی بەدۆکیۆمێنتکردندا، بەڵام ڕێڕەوی دادوەری ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی دەستووری و یاسایی بووەوە، کە ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان. حکومەتی هەرێمی کوردستان ویستی ئەم هەوڵانە بەدامەزراوەیی بکات، ئەویش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەک بە پەرلەمانی کوردستان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لەسەر تاوانەکانی جینۆساید و دژەمرۆیی. بەڵام ڕەتکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، بۆشاییەکی یاسایی مەترسیداری دروست کرد، کە هەڕەشە لە بەهای کرداریی ئەو بەڵگە دۆکیۆمێنتکراوانە دەکات.
لەبەر ئەم هۆکارانە، ئێستا پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێشخەری بکات و یاسایەکی فیدراڵی بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند دەربکات، بۆ بینینی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی داعش ئەنجامی داون. دواکەوتنی زیاتر لەم هەنگاوە یاساییە، بەو واتایە دێت کە هەزاران بەڵگەی سەلمێنراو لەناو ئەرشیفەکاندا زیندانی دەکرێن بێ ئەوەی کاریگەرییەکی یاساییان هەبێت. هاوکات، ئەمە وەک شکستێکی گەورە لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکان بەرامبەر بە پێکهاتەی ئێزیدی و سەرجەم قوربانییانی دیکە هەژمار دەکرێت.
لەسەر ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش، هەردوو ڕێکخراوی (یەزدا) و (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕۆڵێکی گرنگیان لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی بەدۆکیۆمێنتکردن هەبووە، ئەویش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی شایەتحاڵییە مەیدانییەکانەوە؛ بە پابەندبوونێکی تەواو بە پێوەرە ئەخلاقی و دەروونییەکان، بۆ ئەوەی ڕزگاربووان دووبارە ڕووبەڕووی شۆک و ئازار نەبنەوە. ئەم هەوڵانە یارمەتیدەرێکی گەورە بوون بۆ گۆڕینی گوتەی قوربانییان بۆ کەرەستەی بەدۆکیۆمێنتکراو، کە لە داهاتوودا دەکرێت وەک بەڵگەیەکی بەهێزی یاسایی لەبەردەم هەر دادگایەکدا پشتی پێ ببەسترێت.
بەڵام زۆربوونی دەستپێشخەرییەکان لە بواری بەدۆکیۆمێنتکردندا ئاڵنگارییەک دروست دەکات، کە یەکخستنی هەوڵەکانە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی ڕوون و لەژێر چەتری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی بەڵگەکان و زامنکردنی هێزە یاساییەکەیان پێویستە.
هەر دەستپێشخەری و کۆمەڵەیەک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە یان بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان کار بکات، ڕەنگە ببێتە هۆی پەرشوبڵاوی و تێکەڵبوونی ڕێڕەوی بەڵگەکان. یەکخستنی هەوڵەکان متمانەی یاسایی بە کەرەستە دۆکیۆمێنتکراوەکان دەبەخشێت و وایان لێ دەکات لەبەردەم دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا پەسەند بکرێن. ئەم یەکخستنە ڕێگریش دەکات لە قۆرخکردن یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیە مرۆییە گەورەیە بۆ مەرامی کەسی، کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگەی ئێزیدی ناکات.
لە کۆتاییدا، بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش تەنیا ئەرشیفکردنێکی مێژوویی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی یاسایی و ئەخلاقییە بە مەبەستی چەسپاندنی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان. یەکخستنی هەوڵەکانیش لەژێر چەتری مەرجەعییەتێکی دامەزراوەیی ڕووندا، شانبەشانی پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکان لە بەغدا، واقیعیترین ڕێگەیە بۆ بونیادنانی دۆسیەیەکی یاسایی گشتگیر کە “مەبەستی تاوانکاری- القصد الجنائي” بۆ جینۆساید بسەلمێنێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی قوربانییان بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچێت و لەناو ئاڵۆزییە یاساییەکاندا ون نابێت.

