
ئەو مادە یاساییانە ئاشكرا كران كە لاهوور شێخ جەنگی پێ دادگایی دەكرێت ئەوە لەكاتێكدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزێكی زۆری یەكێتییەوە دوای روبەڕوبونەوەیەكی سەخت خۆی و دوو برای تری دەستگیر کران.
بە گوێرەی قسەی وتەبێژی دادگای سلێمانی، بەپێی مادەی 56، لە یاسای سزادانی عێراقی، دوو پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەكانی تر دەكرێتەوە، پاشان دەدرێنە دادگا.
سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی، ڕایگەیاند: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەكانی تر بەبێ ڕووبەڕوبوونەوەی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش خۆیان ڕادەست بكردبووایە، تەنیا بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەكران، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و سێ شەهید و 19 بریندار هەن، كە لە كاتی ئەركەكەیاندا لەلایەن هێزەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی كراونەتە ئامانج، بۆیە بە پێی مادەی 406ـیش پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: هەموو تۆمەتبارێك لە بەردەم دادگا مافی پارێزراوە، لە كاتی دادگایكردنی تۆمەتبار لاهور شێخ جەنگی و ئەوانی تر دەتوانن تانە لە بڕیارەكە بدەن و پارێزەر بگرن.

