سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمری بە خالید خۆشناو، سەرمایەداری دیاری کورد بەخشی.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پاڵ ئەو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردوون، مەدالیای بارزانیی نەمری بەخشییە خالید خۆشناو، سەرمایەداری دیاری کوردستان.
خالید خۆشناو سەرمایەدار و کەسایەتییەکی دیاری بواری بازرگانی و خاوەنی “هێمن گرووپ”ـە، کە یەکێکە لە کۆمپانیا ناسراوەکانی بواری بیناسازی و ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
هێمن گرووپ، کە لە ساڵی 1986 دامەزراوە، بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ناسراوە، بەتایبەتی لە بواری ژێرخانی ئابووریدا. کۆمپانیاکە بە سەرپەرشتی خالید خۆشناو چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی جێبەجێ کردووە، لەوانە:
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر: ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی 480 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراوە و ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوییە لە شاری هەولێر بۆ 30 ساڵی داهاتوو. ئەم پڕۆژەیە توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە.
شەقامی 150 مەتریی هەولێر: شەقامی بازنەیی 150 مەتریی خێرا لە هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە لایەن کۆمپانیای “هێمن گرووپ”ـەوە جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە بە گشتی لە پێنج قۆناغ پێکدێت و درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە.
شەقامی 120 مەتریی هەولێر: شەقامی بازنەیی 120 مەتریی هەولێر، کە درێژییەکەی نزیکەی 38 کیلۆمەترە، بە چەند قۆناغێک لە لە لایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ بە سەرپەرشتیی خالید خۆشناو دروست کراوە. لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2019، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین قۆناغی شەقامەکە کرایەوە، کە بەشی نێوان ڕێگای کەرکووک و ڕێگای مووسڵ بوو.

