سەرۆك بارزانی سەردانی بازاڕی کۆنی زاخۆی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە جوانی و ئاوەدانیی زاخۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا”خەڵكی زاخۆ شایەنی ئەم خزمەتەن کە بۆیان کراوە”.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 31ی تشرینی یەکەمی 2025 سەرۆك بارزانی سەردانی بازاڕی کۆنی زاخۆی کرد و لەوێڕا بەسەر قشڵەی زاخۆی کۆن کەوت و هەروەها چاوی بە کۆڕنیشی زاخۆ کەوت.
قشڵەی زاخۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەزار و سەد و بیست ساڵ، ئەم شوێنە لە سەردەمی ڕژێمی لە ناوچوو بۆ ئەشکەنجەدان و ئازاردانی هاوڵاتیانی سڤیل بەکار دەهات، ئێستاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوازی کولتووریی قشڵەی کۆنی زاخۆی نۆژەن کردووەتەوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و هەزاران کەس بۆ بینینی سەردانی زاخۆ دەکەن.
سەرۆك بارزانی لەم بەسەرکردنەوەیەدا خۆشحاڵیی خۆی بە جوانی و ئاوەدانیی زاخۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا”خەڵكی زاخۆ شایەنی ئەم خزمەتەن کە بۆیان کراوە، دواتر سەرۆك بارزانی سەردانی گوندی سپی کرد و دیمەنی زاخۆی لە بەرزاییەکانەوە بینی و هەروەها چاوی بە ژمارەیەک هاووڵاتی کەوت کە سەردانی زاخۆیان کردووە و، وێنەی لەگەڵ بەشێک لە هاووڵاتییان دا گرت.

