ئاژانسی پەیامنێر

ئەنەكەسە بۆ دەسەڵاتدارانی سوریا:

ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لە سوریا (ئەنەكەسە) بە یاننامەیەكی پێنج خاڵی وەڵامی داواكەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەداتەوە بۆ گفتوكردن و تیایدا دەڵێت:
یەکەم: وەستاندنی دەستبەجێی كردەوە سەربازییەكان وپەنابردن بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە پرۆسەی بونیادنانی سوریایەکی نوێ بکات.
دووەم: هەڵگرتنی گەمارۆ و هەموو ئەو كۆتوبەندانەی کە بەسەر شاری کۆبانی سەپێنراون بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و جموجۆڵی بێ بەربەستی هاووڵاتیانی.
سێیەم: پێشەنگیدان بە پرسی كورد لە پرۆسەی سیاسی و زامنکردنی بەشداری کاریگەرانەی کورد لە داڕشتنی ئایندەی وڵات لە ڕێگەی شاندی دانوستانکاری هاوبەشی کوردەوە کە وەک چوارچێوەی نوێنەرایەتی کۆدەنگی کورد کاردەکات، لەم ڕووەوە ئەنجومەن فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە (١٣) بە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی دەزانێت کە دەتوانرێت بونیادی لەسەر بنرێت و لە چوارچێوەیەکی دەستوریدا پەرەی پێبدرێت کە هاوبەشی و هاوڵاتیبوونی یەکسان بچەسپێنێت.
چوارەم: پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی بە پاراستنی تەونی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی گوتاری ڕقاوی و توندڕەوی و هاندان بە هەموو شێوەکانییەوە.
ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد جەخت لەسەر یەکڕیزی هەڵوێستی کورد دەکاتەوە، بڕیاری سیاسی تاکلایەنە رەتدەکاتەوە، داوای بەشداری بونیادنەرانە لە پڕۆسەی سیاسی نیشتمانی دەکات، بەجۆرێك بەشداربێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بە خواستەکانی گەلی کورد.
ئەنجومەن داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکات کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و ناناوەندی و دیموکراسی کە مافەکانی هەمووان دەستەبەر بکات.
پێشتر میدیاكانی سویرا بڵاویانكردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا پەیوەندی بە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردەوە کردووە و بانگهێشتی کردووە بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کورد بۆ سەردانی دیمەشق.

Related posts

ئێران چوار سفری سەر دراوەکەی لادەبات

mohammad

ئەمەریکا قسەی کۆتایی کرد

mahir

سیاسەتمەدارێکی کورد: دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوامن لەسەر سیاسەتی زولم و برسیکردنی خەڵکی کوردستان

mohammad