ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئاب، كاروان كەریم خان قایمقامی شەقڵاوە، راگەیاند، كاركردن لە رێگەی میراوە بەردەوامە و تیمەكان سەرقاڵی تەواوكردنی شەقامەكەن.
زیاتر گوتی، ئێستە قیرتاوكردنی ئەو جووتسایدە لە سنووری شەقڵاوە دەستی پێ كردووە، تیمەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بەردەوام كار دەكەن.
لە 23ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، بە گوژمەی 90 ملیار دینار و بە درێژایی 10 كیلۆمەتر، دەست كرا بە پڕۆژەی چاككردن و تەواوكاریی دووسایدی نوێی ماوەران- میراوە (هاملتۆن).
پڕۆژەی چاككردن و تەواوكاریی دووسایدی نوێی ماوەران- میراوە (هاملتۆن)، دوای پێداچوونەوە بە دیزاین و ڕێڕەوی ڕێگەكە، بە درێژایی نزیكەی 10 كیلۆمەتر و بە بڕی 90 ملیار دینار، لەلایەن كۆمپانیا و هێزی خۆماڵی دەست بە كارەكانی كراوە.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لە پڕۆژەكەدا وێڕای چاككردنەوەی ڕێگەكە، كاری نۆژەنكردنەوە و تەواوكارییە پێویستەكان بۆ هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران دەكرێت، چەند بەرزەپردێكیش لە شوێنە پێویستەكان دروست دەكرێن.
هەروەها جگە لە تەواوكردنی هەردوو تونێلی “ماوەران و میراوە”، دروستكردنی دوو یەكتربڕیش بەشێوەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت.
ئەم پڕۆژەیە بەهۆی ئەوەی دەكەوێتە سەر ڕێگەی مێژوویی هاملتۆن، گرنگییەكی ستراتیجی گەورەی هەیە و وەك ڕێگەیەكی سەرەكیی بازرگانی و گەشتیاری لە سنووری پارێزگای هەولێردا دادەنرێت، كە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران دابین دەكات
گرنگیدان بە رێگەوبان لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، جگە لە دروستكردنی چەندان رێگەوبانی نوێ لە دوو ساڵی ڕابردوو، نزیكەی 500 كیلۆمەتر ڕێ و شەقام، هێڵكارییان بۆ كراوە، 15 هەزار هێمای جۆراوجۆری هاتوچۆ دانراون، نزیكەی 40 كیلۆمەتر پەرژینی ئاسنین بۆ ڕێ و شەقامەكان دانراوە.

