
ئابووریناسێكی عێراقی هۆشداری له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق ده‌دات و پێیوایه نابێت ده‌ستكاریی مووچه و قووتی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و چاكسازی ده‌بێت له نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا و كرێكارە بیانییه‌كان بكرێت.
نه‌بیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی له پلاتفۆڕمی خۆی له (فه‌یسبووك)، هێرشی توندی كردووه‌ته سه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركرده‌كانی عێراق و ده‌ڵێت: “چاکسازی بە کەمکردنەوەی پارە و هاندانی فه‌رمانبه‌ران دەست پێناكات، به‌ڵكوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە شێوە جۆراوجۆرەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا و گواستنەوە، له قاچاخچێتیی نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا بیانییه‌كان دەست پێدەكات.“
ئەوەشی خستە ڕوو: “مووچە گرنگترین بەشی ژیانی تاكی عێراقی پێك ده‌هێنێت و بڕینی مووچە خواستی بەکاربەر کەم دەکاتەوە، بەم شێوەیەش خواستی گشتی کەم دەبێتەوە و داكشانی ئابووری قووڵتر ده‌بێته‌وه. له بنه‌ڕه‌تدا پێویستە چاکسازی لایەنی ئابووریی به‌رزبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش به پشتیوانی سیاسی و جەماوەری ده‌كرێت بۆ سەرکەوتنی چاکسازی بەڵام چاکسازی بە کونکردنی گیرفانی فەرمانبەران نییە”.
مه‌ڕسومی ئاگاداری ئه‌وه‌شی دا، نه‌وت تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌كیی بودجه‌ی گشتیی عێراقه، به‌بێ نه‌وت داهاتی ئابووری توشی داڕمان ده‌بێت و هه‌ر كێشه‌یه‌ك له كاره‌كانی نه‌وت دروست بێت، زیان به هه‌موو عێراق ده‌گه‌ێنێت. ده‌بێت بزانین چاكسازی له مووچه و هاوسه‌نگكردنی گرنگە، به‌ڵام نەك لە ڕێگەی كەمكردنەوەی مووچەی خاوەن مووچە مامناوەندییەكان، بەڵكوو لە ڕێگەی چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵی و كەمكردنەوەی مووچه‌ی بڕوانامه‌ی تایبه‌تەكان و ئیمتیازاتی به‌شێك له سه‌ركرده‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه مووچه‌كانیان كه‌مه.

