لە نێوان بەڕێوەبردنی کێبڕکێ و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان
گەشتەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین دەتوانرێت وەک هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی نێوان دوو زلهێزی جیهان سەیر بکرێت. ئەم سەفەرە لە دۆخێکدا ڕوویدا کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین لەم ساڵانەی دواییدا چووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە، کاریگەری ناکۆکی بازرگانی و کێبڕکێی تەکنەلۆژیا و پرسی تایوان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناو و نیشانە دیارەکانیانن. سەرەڕای بانگەشەیەکی بەرفراوان پێش ئەم کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەنجامەکانی زیاتر لەسەر سەقامگیرکردنی دۆخی ئێستا و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان بوو نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی.
لە بواری ئابووریشدا گرنگترین دەستکەوتی گەشتەکە ڕێککەوتنە بازرگانییە سەرەتاییەکان و پاراستنی کەشوهەوای گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات بوو. ئیدارەی ترەمپ بە زیادکردنی هەناردەی ئەمریکا بۆ چین، هەوڵی کەمکردنەوەی بەشێک لە کورتهێنانی بازرگانییەکەی دەدا و لە هەمان کاتدا بازاڕی زیاتر بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دروست بکات، بەتایبەتی لە پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی و وزە. هەرچەندە هەندێک ڕێککەوتنی ئابووری ڕاگەیەندرا، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە نەیانتوانی جیاوازییە تێڕوانینە ستراتیژیە بنەڕەتیەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و زنجیرەی دابینکردن و سنووردارکردنی هەناردەکردن چارەسەر بکەن.
ترامپ لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە هەوڵیدا هانی چین بدات بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی چالاکتر لە بەڕێوەبردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بگێڕێت، بەتایبەتی پرسی ئێران و ئاسایشی وزە لە کەنداو. چین، بەهۆی پشتبەستنی بەرفراوانی بە هاوردەکردنی نەوت لە ناوچەکە، سەقامگیری لە گەرووی هورمز بە پێویستییەکی ستراتیژی دەزانێت؛ بەڵام پێی باش بوو سیاسەتی هاوسەنگی خۆی بپارێزێت و خۆی لە چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران بەدوور بگرێت. ئەمەش نیشانیدا کە چین هێشتا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتۆن لە یەک ئاستدا بەڕێوەببات.
هەروەها هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەسەر پرسی تایوانیش ڕووی نەدا. پەکین جارێکی دیکە جەختی لەسەر بنەمای “چینی یەکپارچە” کردەوە و ئەمریکا هەرچەندە پاڵپشتی خۆی بۆ تایوان پاراست، بەڵام خۆی لە دەربڕینی وروژێنەر بەدوور گرت. لە ئەنجامدا گەشتەکەی ترەمپ زیاتر “بەڕێوەبردنی قەیرانەکان” بوو لە نێوان هەردوو زلهێزدا نەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ جیاوازییەکان.
لە کۆتایی دەتوانین بڵێین گرنگترین دەستکەوتی ئەم سەفەرە کەمبوونەوەی ڕێژەیی گرژی و کراوەیی هێشتنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بوو. هەرچەندە کۆبوونەوەکە نەیتوانی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکات، بەڵام لە کورتخایەندا ڕێگری لە پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و ئابووری کرد، پرسێک کە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ سەقامگیری ئابووری جیهانی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

