ئاژانسی پەیامنێر

ئێران چوار سفری سەر دراوەکەی لادەبات

لیژنەی کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی ئێران، پڕۆژەیاسای سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەی پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە دوای ڕەزامەندیی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ئابووری دێت و ئامانج لێی ئاسانکاریی ژمێریاری و گێڕانەوەی بەهایە بۆ دراوی نیشتمانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەمووز، لیژنەی کاروباری ئابووری لە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی “پەرلەمانی ئێران” ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسای سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، ئەمەش دوای ئەوە هات حکوومەت پێشنیازەکەی خستەڕوو و هەریەک لە بانکی ناوەندی و وەزارەتی ئابووری ڕەزامەندییان لەسەر نیشاندا.

فەتحوڵڵا تەوەسولی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان، گوتی: “سڕینەوەی سفرەکان ڕێکارێکی تەکنیکییە و ئامرازێک نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان یان پشتگیریکردنی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دابەزینی بەرچاوی بەهای ڕیاڵ لە ساڵانی ڕابردوودا وایکردووە لە مامەڵەی ڕۆژانەدا لە بەرامبەر دۆلاردا پشتگوێ بخرێت، کە ئەمەی بە مایەی نیگەرانی و پێچەوانەی شکۆی دراوی نیشتمانی وەسف کرد.

تەوەسولی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەندێک پێشنیاز لەناو لیژنەکەدا داوای سڕینەوەی پێنج سفر یان زیاتریان کردووە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن لەسەر هەڵبژاردنی ناوی یەکەی دراوەکە لە نێوان “ڕیاڵ” و “تومەن”دا.

جێی باسە ئەم پڕۆژەیە یەکەمجار لە ساڵی 2019 خرایەڕوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەنجوومەنی پارێزەری دەستوور و کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم ڕاگیرا، ئێستاش دوای چەندین هەموارکردنەوە، جارێکی دیکە خراوەتەوە بەر باس.

Related posts

سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام

mahir

بەم زووانە شەڕی حەشدی شەعبى دەستپێدەکات

mahir

پارێزگاری هەولێر: پێشانگەی بەرهەمەکانی سووریا لە هەولێر ناکرێتەوە

mohammad