هەر لە جەللادمان کەمبوو!

لوقمان بیارەیی

ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین(پارتی و یەکێتی)یش چەکەکانی خۆیان تەسلیم بە حکومەتی هەرێم بکەنەوە، کەچی(مەلا کرێکار)دێ چێشتەکە بۆ(گۆڕان و کۆمەڵ)گەرم دەکاتەوە و داوای چەک هەڵگرتنیان لێ دەکات بەرامبەر پارتی و یەکێتی، بە تایبەت پارتی!

هەر لە جەللادمان کەمبوو! ئاخر پارتی و یەکێتی کارە باشەکانیان بخەرە ئەولاوە، بەڵام لە بابەتی ئیدارەداندا تەنها مافیان خواردووین، ئەنا ئیتر لە سەر ئەوەی کە سیاسییەن لەگەڵیان نەبووبین نەیانکوشتووین، یانی تەنها چەتە بوون بە سەرمانەوە نەک جەللاد! کرێکار تازە دێ باسی فیکر و فەلسەفە و لۆژیک و هونەری قسەکردنی مەلای ئایینیمان بۆ ئەکات، تازە دێ فرمێسکی تیمساحی بۆ نەبوونی ئازادی لە کوردستان دەڕێژێ! یەکێ نەزانێ ئەفگانستان کە چەند دەیەیەک مەلا حوکمی کرد، ئەو وڵاتی(نۆرویژ)ەی خستە پشتی خۆیەوە کە کرێکار خۆیی تیا دەژی! (تەوێڵە و بیارە)کە قوتابیەکانی ئەو بۆ ماوەیەک بەو فەلسەفەیەی جەنابی حوکمیان کرد، ئیزافەتەن با(موسڵ)یشیان لەگەڵ بێت، بوونە تایوان و سەنگافورە! بە ڕاستی ئەمە لە نوکتەی ئینتیخابی و سەردەمی ئینتەرنێت ئەچێت بە سپۆنسەری مەلا کرێکار!

بە قسەی کرێکار دیموکراسی و لیبراڵی و سەرمایەداری فەشەلیان هێناوە، یانی بەو حیسابە ئێستا وەک بەدیل، خەڵک ڕەحمی بۆ حوکمی داعش و ئەنسارول ئیسلام دەجوڵێ! موسڵاویەکی دراوسێتان، ئیتر تەوێڵەییەک یا بیارەییەک بدۆزنەوە تاگی بکەن با، باسی فەلسەفەی حوکمڕانی و فەننی سیاسی و ئابوری و داهێنانی جەماعەتی مەلا کرێکارتان بۆ بکات! با باسی باجی قاچ جووت نەکردنی نوێژی جەماعەتتان بۆ بکات! باسی فیدیەی ڕیش تاشین و بێ لەچکیتان بۆ بکات! نەخێر باسی حەوز و فەلاقە و ژمارەی قامچیەکانی گوێگرتن لە گۆرانیتان بۆ بکات!

سەیر و سەمەرەی ڕۆژگارە ئیسلامی سیاسی، باسی فیکر بکات و بڵێ پارتی و یەکێتی نیانە، دەی ئەوە خۆ ئاشکرایە ئیتر، نەک پارتی و یەکێتی و حیزبە عیلمانیەکانی تری کوردستان، بگرە زۆربەی ئەکادیمی و قەڵەم بە دەست و دەزگا پیشەییەکان و خەڵکە ئاساییەکەش فیکریان نیە، خۆزگە هەیانبوایە تا کەناڵی NRT و خەڵکێکیش بە تاسەوە گوێی بۆ کرێکار و ئەمسالەکانی نەگرتایە، فیکر لە هەناوی ئایدۆلۆژیادا، ئیتر ئایدۆلۆژیا چ حیزب چ ئایین بێت ئەسڵەن بوونی نیە، یان لەوانەیە پێشنیار بۆ گۆڕان و کۆمەڵ بۆ هەڵگرتنی چەک بە فیکرە بزانێ! دەی خۆ منش ئەتوانم بە شیوعی و یەکگرتووی ئیسلامی بڵێم هەریەکەتان و بە ئایدۆلۆژیای خۆی دەست بکات بە کردەوەی خۆکوژی! فیکرەیەکی چۆنە بە لاتانەوە؟!

عاشقی دەستەڵات وای لە هەندێ کەس و حیزب و قەوارەی سیاسی لە کوردستان کردووە، چەپ و ڕاستیان لە پێکەوە بچنە سەر کانی بۆ ئاو خواردنەوە! هەر ئەوە ماوە داوای یەکگرتنی شیعە و سوننەش بکەن دژی پارتی .

ھەواڵی زیاتر