من کە موسڵمانم بۆ پارتی یا یەکێتی بم!

لوقمان بیارەیی

ئەرێ خێرە ڕۆژێک لە ڕۆژان مامۆستایەکی ئایینی بە فتوایەک، بە پشت بەستن بە دەقێک یان ئیمامێک، گەنجێکی نە نارد خۆی بتەقێنێتەوە بە دەزگایەک یان دائیرەیەکی حکومەتی عێراقدا، نەخێر بە(عەلی حەسەن مەجید)دا؟!

بێگومان لە بەر ئەوە بووە(لا سامح اللە)بە بێ ئیمانی دەمرێ! بەڵام لە پارێزگای هەولێر، لە مەڵبەندێکی یەکێتی، لە لقێکی پارتی یان هەر دائیرەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکوژرێت، شەهیدە و لە ئامێزی یەکێک لە جوانترین حەفتا و حەوت حۆریەکەدایە!

هەتا کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانیش لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتیدا بەتایبەت کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، ئێمەی کورد بەوە خۆمان هەڵ ئەکێشا، کە ئیسلامیە سیاسیەکانمان کۆپی ئەو ئیسلامیە توند ڕەوانە نین کە لە جەزائیر و زۆر وڵاتی تری عەرەبی و ئیسلامیدا بونیان هەیە، بەڵکوو ئەوانەی ئێمە دەربڕی پەیامی ڕاستەقینەی ئایینی ئسیلامن کە ئاشتی و پێکەوە ژیانە، وە فیعلەنیش هاوڵاتی ئاسایی کورد دوور لە چاوی ئەمانە، جوانترین نمونەی ئەو مرۆڤانەی جیهان بوون کە ئایینی ئیسلامیان مومارەسە کردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەوانەی کە زۆر باش ئاگاداری مێژوی دروستبونی ئیسلامی سیاسی و ئامانج و چۆنیەتی ئاڕاستەکردنیانیان لە لایەن نەتەوە سەر دەستەکانی کوردەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ چ ئامانج و مەبەستێک بووە!

لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕژێمی بەعس کە هەستی کرد بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری ئازادی خوازی کورد لە پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەستانەوەیەکی خێرای پێوە دەرکەوت، بە تایبەت خۆ ڕێکخستنەوەی هەردوو شۆڕشی(گوڵان و نوێ)لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا، ئیتر هەر زوو ئیخوان موسلیمینیان ڕاسپارد کە دەست بە کاری ڕێکخراوەیی خۆی لە کوردستان بکات، تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە سود لە عاتیفە و خۆشەویستی کۆمەڵگەی کورد بەرامبەر ئایینی ئیسلام وەربگرن بۆ کاڵکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی تاکی کورد و پشتگیریی لە شۆڕش، هاوکات دەستیان دایە چەک و چونە شاخیش، گوایە ئەوانیش بەشداری شۆڕش ئەکەن، کە لە واقیعدا بۆ ئەوە بوو ئەو گەنجانەی کە ژیانی بندەستیان ڕەد ئەکردەوە و ئەچون لە ڕیزی حیزبە نەتەوەیی و عیلمانیەکاندا چەکی پێشمەرگایەتیان ئەکردە شان، نەچنە ڕیزی حیزبە نەتەوەیی و عیلمانیەکانەوە، بەڵکوو بچنە ڕیزی حیزبە ئیسلامیە کوردەکانەوە چەک بکەنە شان، چیە! من کە موسڵمانم و کوردم بۆ بچمە ڕیزی کەسانێکەوە کە دژی ئایینەکەم بن؟! ئەها ڕێک بۆ جێگێرکردنی ئەم تێگەشتنە! ئەمانە بە گشتی و دروستکردنی(بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان) بە تایبەتی لە کاتێکدا بوو، کە کورد لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام پەروەری خۆیدا ئەژیا .

تەبایی حیزبە سیاسیە کوردیەکان لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ بە تایبەت پارتی و یەکێتی، گەشەی سیاسی ئەم ئیسلامیانەیان ئیفلیج کرد، بەڵام دووبارە تێکچونەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی لە ساڵی ۱۹۹٤ تا ئاستی شەڕی چەکداری، شانسی هەستانەوەی پێدان بە جۆرێک جگە لەوەی زاوزێشیان کرد هاوکات لە ژێر سێبەری دەستەڵاتی دوو ئیدارەییدا پەیوەندی دەرەکی و دبلوماسیشیان ڕێکخست! دووبارە کە پارتی و یەکێتی پێکهاتنەوە، ئەوان جارێکی تر ئەرکیان قورس بوویەوە بەڵام لە گەشە و چالاکی نەکەوتن بگرە وەک تەنسیقێک لە نێوانیادا ڕۆڵیان دابەشکرا، گروپێک دووبارە بۆ چەک هەڵگرتنەوە بە ناوی(جند الاسلام)لە سەر سنور، ئەوانی تریشیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی و پاڕلەمانی! یانی تەوقدانی بزوتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کورد هەر لە ساتری شەڕی چەکداریەوە تا ئەگاتە سەر دامودەزگا تەشریعی و تەنفیزی و ئەمنی وئیعلامی و پەروەردەییەکان!

نەتەوەبونی کورد بە درێژایی بزوتنەوەی ئازادیخوازی خۆی، هیچکات بە قەدەر ئەمڕۆ لە سەر دەستی ئیسلامی سیاسیدا ئایندەی لە مەترسیدا نەبووە! هەر کات تاکی کورد ئینتیمای نەتەوەیی بەرز بوو بێتەوە، هەر کات لە ڕووی سیاسیەوە کورد نزیک بوو بێتەوە لە ئامانجە مەزنەکەی کە سەربەخۆییە، ئیتر ئیسلامی سیاسی چەکێکی تەوقیت کراوی کەم خەرجی کاریگەر بووە لە بندەستی خۆماندا وە بە دەستی خۆشمان بە کاری بهێنین .

عەرەب، تورک، فارس، ئەوان ئاوان ئیتر، تەنانەت لە ئایینیش وەبەر هێنانی سیاسی خۆیان ئەکەن .

ھەواڵی زیاتر