ھەڵبژاردن دوادەخرێ ؟

ئەگەر ھەڵبژاردن دوا نەخرێت

بیروڕا – ھەكار ھەركی

بە بۆچوون و بەدواداچوونی من ئەگەر ھەڵبژاردن دوا نەخرێت دۆخی حزب و لایەنەكان بەم شێوەیە دەبێت، بۆیە بەشێك لە لایەنەكان ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردن دەدەن:

گوڕان»

– ئەنجامەكانی ھەلبژاردنی مانگی نۆ وادەكات لە مانگی ١٢ یان سەرتای ساڵی داھاتوو بزۆتنەوەی گوڕان لە مەرگ نزیك دەبێتەوە و یاخۆد ھەموو ھەوڵی گوڕان مانەوەی دەبێت لە چوارچێوەی ٩ بۆ ١٠ كورسیدا لە چوار ساڵی داھاتوو، بۆیە گوڕان دەیەوێ زیاتر بژیت بۆ ئەوەی خۆی رێكبخاتەوە ئینجا ھەڵبژاردن بكرێت.

یەكێتی»

-یەكێتی بۆ ئەوەی تەزویرەكانی ھەڵبژاردنی عێراقی بەھۆی ھەڵبژاردنەكانی كوردستانەوە لێ ئاشكرا نەبێت، ئامادەیە بە چەند مەرجێكی قورسی پارتی ڕازی بێت بەرامبەر بە دواخستنی ھەلبژاردن كە پێشتر یەكێتی دانووستانیشی لەسەر ئەم مەرجانە نەدەكرد، ھۆكارێكی دیكەی یەكێتی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن ئەوەیە كە دەیەوێ كۆنگرەی حزبەكەی ببەستێت و خۆی نوێ بكاتەوە.

ھاوپەیمانی»

-لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەلبژاردن، لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سەنگی ڕاستی خۆی بۆ دەردەكەوێت، رەنگە بینینی ئەنجامەكان وا لە بەرھەم ساڵح بكات بیرلە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی بكاتەوە.

كۆمەڵ»

-كۆمەڵ كەلە ئێستادا لە دۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و پێیوایە بەھۆی نزیكبوونەوەی لە گوڕان و تێكدانی لیستی (یەك بەرەیی ئیسلامی) لە ھەلبژاردنی داھاتوو ٪‏٣٠ دەنگەكانی لەدەست دەدات ، بۆیە پێی باشە ھەڵبژاردن دوابخرێت.

نەوەی نوێ»

-نەوەی نوێ كە بە گڕوتینەوە ھاتووتە ناو ساحەكە، ھەمان ھەڵەی دروستبوونی گوڕان دووبارە دەكاتەوە، نەوەی نوێ سود لە توڕەیی شەقام دەبینیت مەرجیش نیە شەقام تاھەتایە تورەبێت، ڕەنگە بتوانێت لەم ھەڵبژاردنە ئەنجامێكی وا بھێنێت كە بە دڵی ئەوان بێت، بەڵام دەنگدەری نەوەی نوێ، دەنگدەری كاتین.

بزۆتنەوەی ئیسڵامی و سوسیالیست»

– بزۆتنەوەی ئیسڵامی و سوسیالیست پێیان وایە دەتوانن سود لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی ببینن و ھەریەكەیان بتوانن دوو كورسی بەدەست بھێنن، بویە پێیان باشە ھەڵبژاردن دوانەخرێت.

یەكگرتوو»

-یەكگرتوو بەھۆی ناكوكی نێوان باڵی سلێمانی و دھۆك كێشەی ناوخۆیی ھەیە، كادیرانی خوارەوەی یەكگرتوو پێیوان وایە باشترە ھەڵبژاردن بكرێت بۆئەوەی دەنگی كۆمەڵ ببەن، بەڵام سەركردایەتی بۆچوونێكی دیكەی ھەیە.

پارتی»

– پارتی لە ھەموو كاتێك زیاتر ئامادەی ھەلبژاردنە و ئەوەی من ئاگادارم ھەموو بەرپرسانی پارتی پێیان وایە پارتی لەم ھەلبژاردنەدا ٤٠ بۆ ٤٢ كۆرسی بەدەست دەھێنێت، بۆیە تا ئەمرۆش سوورە لەسەر ئەنجامدانی ھەلبژاردن و دوای ناخات، بەلام بەھۆی ڕازیبوونی یەكێتی و گوڕان بە چەند مەرجێكی پارتی، وایكردووە پارتی كەمێك ڕێگای دانووستان بۆ دواخستن بھێلێتەوە.

ھەكار ھەركی

ھەواڵی زیاتر