عێراق و ئێران لە خاكی كوردستان روبەرووی یەك دەبنەوە

دوای گەیشتنی شاندی هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق و ئێران بۆ شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و فیدراسیۆنی عێراق، شاندەکان لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و تەندروستی هەولێر کۆبوونەوە و تێیدا شێوازی پێشوازیکردن لە هاندەران و لایەنی ئەمنی بەهێز جەختی لێکرایەوە.

یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەکە کاژێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 25-7-2018 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا درێسی هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق و ئێران نمایشکران، کە تیپی عێراق رەنگی درێسەکەی سەوزە و درێسی هەڵبژاردەی ئێرانیش سپیە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا زلاتکۆ کرانچاری، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئێران کە کرواتییە رایگەیاند، هاتوون کۆمەڵێک یاریزانی تەمەن بچووک تاقیبکەنەوە و بتوانن پێکهاتەیەکی بەهێز ئامادە بکەن بۆ کۆتاییەکانی ئۆڵۆمپیادی ئاسیا.

عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقیش رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان زۆر کەمە بە بەراورد بە تیپەکانی دیکە، بەڵام دەیانەوێت یارییەکە ببەنەوە.

یەکەمجارە هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق و ئۆڵۆمپی ئێران یارییەکی دۆستانە لە كوردستان ئەنجامدەدەن. پێشتر هەر لە هەولێر لەسەر ئاستی پاڵاوتنەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەنی 2012 بەیەکگەیشتن.

ھەواڵی زیاتر