له‌ خۆپیشاندانه‌كانى پارساڵى سلێمانى چى ڕوویدا ؟

سەرتیپ وەیستی رۆژنامەنووسی دەزگای دواڕۆژی سەر بە یەكێتی نشتیمانی كوردستان كە لەلایەن فاروقی مەلا مستەفای سەرۆكی كۆمپانیای ئاسیاسێل سەرپەرشتی دەكرێت لە نووسینێكیدا لە فەیسبووك بە ناونیشانی “له‌ خۆپیشاندانه‌كانى پارساڵى سلێمانى چى ڕوویدا ؟” بابەتێكی نووسیوە و تێیدا لێكچوونێك له‌ نێوان خۆپیشاندانه‌كانى پارساڵى سلێمانى و ئێستاى عێراق دەكات

سەرتیپ وەیسی نووسیویەتی: له‌ مانگى 12ه‌ى پارساڵ، كاتێك خۆپیشاندانه‌كان له‌ سلێمانى ده‌ستیپێكرد، ژماره‌یه‌ك لایه‌نى سیاسى پشتگیریان كرد، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتیش به‌فه‌رمى له‌ رێگه‌ى به‌یاننامه‌و لێدوان پاڵپشتى داواى خۆپیشانده‌رانیان ده‌كرد، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ شاسوار عبدالواحد بوو له‌ 18ى مانگى 12 پارساڵ له‌ به‌ریتانیاوه‌ له‌ رێگه‌ى سكایپ، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ ڕۆژى دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانى و به‌ژدارى خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات.

ئاشكراشی كردووە كە له‌وكاته‌ى خۆپیشاندانه‌كانى سلێمانى ده‌ستیپێكرد، نێوانى یه‌كێتى و كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌وپه‌ڕى خراپیدابوو، خۆپیشاندان ده‌ستپیكرد هه‌موویان وایانده‌زانى خۆپیشاندانه‌كه‌ خۆرسكه‌، له‌كاتێكدا ئێران ویستى په‌یامێك به‌ یه‌كێتى بدات و، بیهێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى ڕاسته‌كه‌ى كه‌ خۆى ده‌یویست.

كاتێك یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان زانى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستى ئێرانی له‌گه‌ڵدایه‌، به‌شێوه‌یه‌كى خێرا ماڵى مام جه‌لال و له‌ نێویان قوباد تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى، ژوورێكى عه‌مه‌لیاتیان پێكهێناو به‌ سه‌رۆكایه‌تى وه‌ستا حه‌سه‌ن و د.خه‌سره‌و گوڵ.

ھەروەھا دەشلێت: ئه‌و چه‌ند كاتژمیڕه‌دا یه‌كێتى له‌ بارودۆخێكى زۆر خراپدا بوو، پارتیش یه‌كێتى له‌و مه‌ترسیانه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، دواتر جگه‌ له‌وه‌ى ده‌ستیانكرد به‌ گرتنى خۆپیشانده‌ران به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌شبگیرى و هه‌ڕه‌مه‌كى، له‌ هه‌مانكاتدا له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێردا 15 ئه‌فسه‌رى پله‌داریان له‌ ئاسایشى سلێمانى ده‌ستگیركرد، كه‌سه‌رجه‌میان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بوو، به‌پێى زانیارییه‌كان ئاسایشى گشتى سلێمانى له‌لایه‌ن ئیتلاعاتى ئێرانه‌وه‌ ئیختراق ( breakthrough ) كرابوو.

وەیسی لە نووسینەكەیدا دەلێت: یه‌كێتى هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا به‌ڵكو قوباد تاڵه‌بانى ڕاسپارد بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانى كۆببێته‌وه‌و به‌پێى زانیارییه‌كان ده‌وترێ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانى به‌ قاسم سوله‌یمانى ده‌ڵێت ” چیتان له‌ یه‌كێتى ده‌وێ؟”.

ئەو رۆژنامەنووسەی یەكێتی پێی وایە ئه‌وه‌ى ئه‌وكات له‌ پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا جۆرێك بوو له‌ كوده‌تا، ئه‌و كۆنتڕۆڵكردنه‌ى ئاسایشى گشتیش له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى تووشى شۆك كردووه‌، جگه‌ له‌ ماڵى مام جه‌لال و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى ئه‌و حزبه‌ كه‌سى تر نازانێ چى ڕوویداوه‌؟ چى به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ هات كه‌ ئه‌فسه‌رى باڵابوون له‌ ئاسایش و په‌یوه‌ندیشیان به‌ ئیتلاعاتى ئێرانه‌وه‌ هه‌بوو؟!

تاوه‌كو یه‌كێتى ملكه‌چى داواو خواسته‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران نه‌بوو به‌ته‌واوى، نه‌توانرا كۆنترۆڵى بارودۆخه‌كه‌ بكرێت.

لە كوتاییدا دەلێت: ئێران هه‌ركاتێك دۆسته‌كانى له‌سه‌ر رێگاى ئه‌و لاده‌ده‌ن و بارودۆخه‌كه‌ى به‌ دڵ نابێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان گوێیان ڕاده‌كێشێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ئێستا له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق ڕووده‌ده‌ن، به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌بێت، چونكه‌ هه‌تا ئێستاش به‌ تایبه‌ت له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایار، بارودۆخى عێراق به‌ دڵى كۆمارى ئیسلامى ئێران نییه‌و پێیوایه‌ لایه‌نه‌كان ملكه‌چى ئێران نه‌بوون.

ھەواڵی زیاتر