ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی ئێرانی بۆردومان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا بۆردومان دەکەن.

میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا، بۆردومانەکە شەوی یەکشەممە 8/7/2018 کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی تی فۆر لە پارێزگای حمس.

هەروەک میدیا سوورییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانەکەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستا رەتی دەکاتەوە هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات.

رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کە بۆردومانەکە بنکە و بارەگای هێز و میلیشیا ئێرانییەکانی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز و چەکدار.

تا ئێستا چەندین جار فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکە و بارەگاکانی هێز و میلیشیا ئێرانییەکانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بۆ پاڵپشتیی لە رژێمی سووریا، لەو وڵاتە جێگیر بوون.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ھەواڵی زیاتر