یەپەگە نەوتی رۆژئاوای كوردستانی ڕادەستی بەشار ئەسەد كرد

رۆژنامەیەکی سەر بە رژێمی سووریا بڵاوی ککردووەتەوە، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، نەوتی ئەو بەشەی کورستان رادەستی دیمەشق دەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە 8/7/2018، رۆژنامەی (ئەلوەتەن)ی سووری لە زاری ”سەرچاوەیەک“ی ئیدارەی خۆجێی رۆژئاوای کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، یەپەگە و رژێمی سووریا رێک کەوتوون لەسەر ئەوەی. رژێمی سووریا دامەزراوە نەوتییەکانی پاریزگای حەسەکە بەڕێوە ببات و نەوتەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی بەرپرسانی رژێمی سووریا سەردانی شاری قامیشلۆیان کردووە و لەگەڵ یەپەگە رێک کەوتوون.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.

لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ھەواڵی زیاتر