وەڵامێك بۆ تەڤدەم، بەلێ پەكەكە بەشێكی كوردستانی داگیر كردووە

ھەكار ھەركی

دوای ئەوەی سەرۆك وەزیران (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، پەكەكە بەشێكی خاكی كوردستانی داگیركردووە، بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) باڵی سیاسی پەكەكە لە رۆژئاوا لە راگەیاندراوێكی چەواشەكارانەدا دەیان بوختیانی بۆ باشوور ھەڵچنیوە.

تەڤدەم لە بیری كردووە كە تا ئەمرۆش بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی ئەو كەسایەتیانەی رۆژئاوا كە لەگەل سیاسەتە چەوتەكانی پەكەكەدا نین، رۆژانە خەڵكی رەسەنی رۆژئاوا نەفی دەكرێن لەلایەن تەڤدەم و یەپەگە و پەیەدە و چەكدارەكانیانەوە.

تەڤدەم لە بەشێكی راگەیەدراوەكەیدا باسی یەكڕێزی كورد دەكات! بیرۆچكەی تەڤدەم ھندە لاوازە لەبیری كرد خۆیان ھۆكاری دووبەرەكی كوردانی رۆژئاوا بوون كاتێك سەرۆك بارزانی ھەموو جیاوازیەكانی لە ھەولێر و دووجار لە دھۆك لە سەر یەك مێز كوكردنەوە و گەیاندنی بە رێكەوتن، بەلام دوای گەڕانەوەی شاندی پەیەدە بۆ رۆژئاوا (تەڤدەم) بە بڕیاری بەشار ئەسەد ھەموو رێكەوتنەكانی ھەلوەشاندەوە.

بویە دەبێت (تەڤدەم) و بەرپرسانی ئەم دامەزراوە ئامانجدارەی دژی كورد شەرم بكەن باسی یەكڕێزی كورد و یەك دەنگی كوردان بكەن.

تەڤدەم لە ئێستادا كە لە گفتووگۆدایە خەریكە رۆژئاوای كوردستان رادەستی بەشار ئەسەد دەكات و پێی وایە فریاد رەسی رۆژئاوا بەشار ئەسەدی دیكتاتوورە، بە چ مافێك باسی داگیركاری دەكات؟ مەگەر بەشار ئەسەدیش وەك توركیا دژی كورد نیە ؟ دیسان تەڤدەم لەبیر كرد كە ئێمەی باشووری نین رەقا و عەفرین و منج و شەڕا و جەڕابلس و بلبل و ڕاجۆمان ڕادەستی دوژمن كردووە.

پەكەكە باشووری داگیر كردووە:

پارتی كرێكارانی كوردستان تەنھا لە پارێزگاكانی ھەولێر و دھۆك و نەینەوا، زیاتر لە ٢٠٠ گوندیان داگیركردووە و بەشێكی زۆری ئەم گوندانە بەھۆی ھەڕەشەكانی پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە و ژیانیان لێ نەماوە و لە چەند ناحیەیەكی ھەرێم پەكەكە رێگا نادات ئاڵای كوردستان بڵند بكرێت، رۆژانە بەھۆی ھاتنە ناوەوەی پەكەكە بۆ ناو ئاواییەكانی سنوور، سوپای داگیركەری توركیا بوردوومانی ئەم ناوچانە دەكات و بەداخەوە ھەندێك جار ھاولاتیان دەبنە قوربانی، ئایا ئەگەر پەكەكە ئەم سنوورانە چوڵبكات توركیا بە چ بیانوویەك ئۆپەڕاسۆن ئەنجام دەدات یان بوردمانی ئەم شوێنانە دەكات؟

كاتێك پەكەكە لە شنگاڵ بوو، حكومەتی ھەرێم دەیان جار تكای لە پەكەكە كرد چوڵی بكات بەلام نەیكرد و شەڕی براكوژی دروستكرد، دواتر كە شنگال كەوتە دەست حەشدی شەعبی و پەكەكە دەیزانی توركیا وەك عەفرین دیتە ناو شنگال، بە چاوقوچانێك پەكەكە شنگالی چولكرد تەنھا بۆ ئەوەی برایانی حەشد لێی زۆیر نەبن!

چی دەبێت ئەگەر پەكەكە لەو ٢١٨ گوندە بكشێتەوە و رادەستی گوندنشینانی بكاتەوە بۆ ئەوەی توركیا بە بیانووی (تیرۆر) ئەم گوندانە داگیر نەكات ؟

بەلێ سەرۆك وەزیران ڕاستی فەرموو، ئەوەی پەكەكە دەیكات داگیركاریە و مەبەست لێی دروستكردنی كێشەیە بۆ باشووری كوردستان

ھەكار ھەركی

ھەواڵی زیاتر