ئەنقەرە بۆ شەڕی قەندیل فشار دەخاتە سەر بەغدا شەڕی ئاو دەستپێدەكات.. توركیا ئاوی رووباری دیجلە بەتەواوی لەسەر عێراق دەگرێتەوە

توركیا ئاوی رووباری دیجلە بەتەواوی لەسەر عێراق دەگرێتەوە، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە.

بەپێی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، توركیا لەئەمڕۆ یەك شەممەوە دەست بەگرتنەوەی ئاوی رووباری دیجلە سەر عێراق دەكات، كە گرتنەوەكە بەشێوەیەكی تەواوەتی دەبێت، ئەوەش بۆ پڕكردنی ئەو بەنداوەی لەسەر رووبارەكە دروستیكردووە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، توركیا جگە لەپڕكردنی بەنداوە نوێیەكەی چەند ئامانجێكی تریشی هەیە، كە یەكێكی تر لەئامانجەكان، بۆ ئەوەیە فشار بخاتە سەر بەغدا لەشەڕی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، توركیا ئێستا بەرنامەی هێرشی بۆ سەر چیای قەندیل لەناو خاكی عێراق هەیەو ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە، بەغدا لەو هێرشەدا هاوكاری بكات‌و شەڕی گەریلاكانی پەكەكەی لەگەڵ بكات.

توركیا ماوەی رابردوو ئاوی رووباری دیجلەی لەسەر عێراق بڕی، كە ئەوە كاردانەوەی دروست كرد، دواتر لەژێر فشاردا توركیا وادەی گرتنەوەی ئاوەكەی دواخست، كە ئەو پرۆسەیە زیانی گەورەی بۆ عێراق دەبێت.

ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەش كردووە، هەنگاوەكەی توركیا لەدژی عێراق سەرەتایەكە بۆ دەستپێكردنی شەڕی ئاو ، كە ئەنگە ئەو شەڕە لەماوەی داهاتوو تەواوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر