ئەندامێکی ئەنجومەنی سلێمانی: بەلگەی مەترسیدارم لەلایە لەسەر ھەندێ بەرپرسی ئەو شارە

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکات، ھەموو بەڵگەیەکی لەلایە کە ھەندێ بەرپرسی حزبی لەو شارە لە ژەھراویکردنی بەنزیندا دەستیان ھەیە و دەڵێت ھەموو بەڵگەکان ڕادەستی ئەنجومەنی پاریزگا دەکات نەک ھەڤاڵ ئەبوبەکر.

محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی و وزە ڕایگەیاند: “ھەموو بەڵگەیەکم لایە کە ئەو مادە ژەھراوییانە ڕەوانەی شاری سلێمانی کراون و دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەنزینە ژەھراوییەکەم بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد”.

گوتیشی: ”بەبێ بەڵگە ھیچ بەدواداچوونێک ناکەم، ھەروەھا سەرجەم ئەو عەمبارانەی لەناو شاری سلێمانی ئێستا ھەن، ھیچیان مۆڵەتی یاساییان نییە و دواجار ئەو عەمبارانە کە ژمارەیان زیاتر لە ٥٠ عەمار دەبێت، کێ ڕێگەی کارکردنی پێ داون، بۆیە ھەموو بەڵگەیەکم لەسەر ئەو بەنزینە ژەھراوییە بەدەستەوەیە”.

ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ئەو بەنزینە ژەھراوییە ئاراستەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناکات، بەڵکوو ڕادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات، تاوەکوو ئەوان بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کەیسە بکەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوێنێدا ڕای گەیاندووە: “چەندین کۆگا و عەمبار لەناو سەنتەری شاری سلێمانی ھەن کە کاریان تێکەڵکردنی کۆمەڵێک مادەی کیمیاییە کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ژەھراویبوونی بەنزینەکە و دواتر کاریگەریی نەخۆشیی شێرپەنجە بۆ تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکات”.

دوای ئاشکراکردنی بەنزینە ژەھراوییەکە و تێوەگلانی ژمارەیەک بەرپرسی حزبی کە بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەگەری ھەیە بەرپرسانی گۆڕان دەستیان لەو بەنزینە ژەھراوییەدا ھەبووبێت، ئێستا ھەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگای سلێمانی داوای بەڵگە و ڕوونکردنەوەی زیاتر لە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات و ئەویش ڕای گەیاندووە بەڵگەکان رادەستی ئەنجومەنی پارێز دەکات، نەک ھەڤاڵ ئەبوبەکر.

ھەواڵی زیاتر