بزوتنەوەی گۆڕان : لەوەتەی شێخ جەعفەر تەقەی لە گۆڕان کردووە لەلایەن بالێکی یەکێتیەوە گرنگی پێ دەدرێت

بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان پێیانوایە کە دوای هێرشەکەی سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، شێخ جەعفەر و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لەیەکتر نزیک بوونەتەوە، بە جۆرێک کە ئەو باڵە بایەخێکی زۆر بە شێخ جەعفەر دەدەن.

بەپێی ئەو زانیاریەکان لە بەرپرسێکی باڵای گۆڕانەوە دەستی کەوتووە، پێشتر باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێوانیان لەگەڵ شێخ جەعفەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە خۆش نەبووە، تەنانەت زۆر جار تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵ شێخ جەعفەر کە ”زەرەری زیاترە و خزمەت بە ئەجێندای حزبەکەیان نەکات“، بەڵام ”لەدوای ھێرشەکەی یەکێتی بۆ سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان، باڵی دەستڕۆیشووی یەکێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شێخ جەعفەر نوێ کردووەتەوە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”ئامانجی سەرەکیی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شێخ جەعفەر وەکو پاڵەوانێک لە دژی نەیارەکانی خۆیان نیشان بدەن“.

لەمبارەیەوە، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ڕایگەیاند، ھیچ زانیارییەکم لە بارەی ئەوە نییە کە ئاخۆ نزیکبوونەوەی شێخ جەعفەر و باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی ”بۆچی دەگەڕێتەوە“، بەڵام ڕووداوی ھێرشکردنە سەر مەکۆی گۆڕان لە شارەکانی (سلێمانی، دەربەندیخان، کەلار و کۆیە)، ”بڕیاری خودی شێخ جەعفەر نەبووە، بەڵکو بڕیاری فەرمیی سیاسیی یەکێتی بووە، بۆیە ھەموویان بەشداربوون لە ڕووداوی ھێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان“.

جەختی لەوە کردەوە کە بەتەنھا شێخ جەعفەر دەستی لەڕووداوەکەدا نەبووە“. گوتیشی: ”ئێوارەی ١٢ی ئایار، بۆیە یەکێتی ھێرشی کردە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان، تاوەکوو ئێمە سەرقاڵ بکەن و ئەوانیش سندووقەکانی دەنگدان ببەن و بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری دەنگەکان بکەن، بێگومان دواجار ئەوان ساختەکاریی خۆیان کرد“.

بە گوتەی کوێستان محەمەد، گۆڕان ”بە پشتیوانیی خەڵکەکەی“ هێرشەکەی ئەو هێزەی یەکێتی ”شکاندووە“. دەشڵێت: ”ئەگەر یەکێتی جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە، قەبوڵی ناکەین و ڕێگەیان لێ دەگرین“.

ھەواڵی زیاتر