یەکێتی و گۆڕان یەکتری بە خیانەتکار تۆمەتبار دەکەن

سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی ٦ی حوزەیرانەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بە ”خائین و خیانەتکار“ دەزانن. لە بەرامبەریشدا گۆڕان پێیوایە، ١٦ی ئۆکتۆبەر ”خیانەتە“، لە کاتێکدا ١٦ی ئۆکتۆبەر و ٦ی حوزەیرانیش، لە دژی پێشمەرگەی کوردستان و لە قازانجی دوژمنانی پێشمەرگە بووە.

پاش ئەوەی ئاشکرا بوو کە بەهۆی پڕۆژەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان، دەنگی تایبەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە. پاڤڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێک لە سەرانی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە ناڕاستەوخۆ تۆمەتی خیانەتی دایە پاڵ گۆڕان و ڕای گەیاند کە ”ئەوانەی دژی پێشمەرگە دەوەستنەوە، خائینن“. دواتریش چەندان سەرکردەی باڵای یەکێتی ڕایانگەیاند کە ٦ی حوزەیران بە خیانەت دەزانن.

لەبەرامبەردا ئاواتی شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتی بەھۆی ٦ی حوزەیرانەوە ”ئێمە بەخیانەتکار دەزانێت، ئەوا ھەڵەیەکی گەورە دەکات“، چونکە ”ئەوانەی ئێمە بە خائین و خیانەتکار دەزانن، خۆیان خیانەتیان کردووە و ھەموومان دەزانین خیانەتەکەیان چی بووە“.

ڕوونیشی کردەوە، یەکێتی بەھۆی ئەو ساختەکاریەی ئەنجامی داوە، تۆمەتی خیانەتی ٦ی حوزەیران ئاراستەی گۆڕان دەکات، بەڵام ”٦ی حوزەیران خیانەت نییە، بەڵکو ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی گەورەی میللەتەکەمانە“.

ئاواتی شێخ جەناب، باسی لەوەش کرد، ئەگەر لایەنێکی سیاسی ”شەرم لە دزی و ساختەکاری نەکات، ئاساییە بەلایەوە تۆمەتی خیانەت بۆ لایەنێکی سیاسی درووست بکات، بۆیە ئەو خیانەتەی یەکێتی باسی دەکات، ١٦ی ئۆکتۆبەرە نەوەکو ٦ی حوزەیران“.

لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بەرگریکردنی پێشمەرگە و سەدان شەهید و بریندار لە پێناو پاراستنی شاری کەرکووک، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەرکووک و خورماتوو و زیاتر لە نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستانیان داگیر کرد، دواتریش کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و نەجمەدین کەریم و شێخ جەعفەر، سەرکردە باڵاکانی یەکێتی ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ”خیانەتیان کردووە“ و لە ژێرەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ حەشد کردووە و سەنگەرەکانیان بۆ چۆڵ کردوون. بەم هۆیەشەوە زیانێکی گەورە بە پێشمەرگە و گەلی کورد گەیشتووە.

لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٨، شۆڤێنییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە هەمیشە هەوڵی سزادانی پێشمەرگەیان داوە، پڕۆژەیەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان قۆستەوە و دەنگدانی تایبەتیان هەڵوەشاندەوە، بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار پێشمەرگە کە ساڵانێکە قوربانی دەدەن لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان لە تیرۆریستان و هێرشی میلیشیا داگیرکەرەکانی عێراق، لە مافی دەنگدان بێبەش کران.

چاودێران نیگەرانن لەوەی کە هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان، لە پێناو بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان، هەر یەکەیان کارێکیان ئەنجام داوە کە ”زیانیان بە پێشمەرگە گەیاندووە“.

ھەواڵی زیاتر