پەیامی بارزانی لە پردێ

بەسەركردنەوەی ھێلەكانی جەنگ لەلایەن بەرپرسی یەكەمی وڵاتێك واتای گرنگی ھەیە، یەكێك لە پەیامەكان بریتیەلەوەی(من ھێزم ھەیە و شانازی پێوە دەكەم كە بەھۆی ئەوانەوە لێرەم)، كاتێك ناتانیاھۆ سەردانی بەرزاییەكانی جوڵانی كرد، ئێران دەیزانی ئیسڕائیل پێی دەلێت ئێدی بەسە و ئیسڕائیل بۆ پاراستنی خۆی پشت بە ھێزی خۆی دەبەستێت و جوڵان شوێنی بەرگری دەبێت لە خاكی ئیسرائیل.

كاتێك ئەردوگان سەردانی بەرزاییەكانی سنووری توركیای كرد، دوای ئەو پەكەكە شوێنەكەی بۆ ماوەی ١٠ خۆلەك كۆنتڕۆلكرد، چونكە پەكەكە دەیزانی پەیامی ھاتنی سەرۆكی وڵات بۆ بەرەكانی شەڕ، مانای سەركەوتنە، بویە پەكەكە ھەر زۆ بیری لەوە كردەوە ئەو سەركەوتنەی ئەردوگان بكاتە گالتەجاری و بۆ١٠ خۆلەك گرتنی ئەم شوێنە ٤ شەھیدی بەخشی و دواتر گەڕایەوە.

سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ پردێ پەیامێكی گرنگ و ھندێك ئاماژەی نھێنی تێدایە، كە ئێمەمانان بە ئاسانی لێی تێناگەین، بەلكۆ ئەمە كاری راوێژكارەكانی سەرۆكی ئێران و عێراق و توركیا و ماكگورك و ھاوڕێكانیەتی، ئەوان ھەوڵدەدەن بزانن ھاتنی بارزانی واتا چی.

بارزانی لەم سەردانەیدا چاوی كەوت بە پێشمەرگەیەك كە لە گەرمەی شەڕدا گوڕانی دەوت، ئەمرۆ بارزانی داوای لەم پێشمەرگەیە كرد ئەو گورانیەی بۆ بلێتەوە كە بە مارشی داستانەكە ناسراوە (ھاگوڵا تەمە) ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە سەرۆك ھەمیشە دەلێت”تەنھا ئێرادەمان ھەبێت سەردەكەوین”.

بارزانی لەم سەردانەیدا دووبارەی دەكاتەوە” ئەگەر چەكی ھەموو جیھان ھی ئێمە بێت ھێرش ناكەینە سەر خاكی كەس، بەلام ئەگەر ھەموو جیھان ھێرشمان بكاتە سەر بە چەكی خۆمان وەك پردێ بەرگری لەم خاكە دەكەین”.

گومانم لەوە نیە ئەگەر ئەو شەڕەی لە پردێ كرا، لە مریەم بەگ و مەلا عەبدولا و خانەقین و میحوەرێ چوار بكرایە، ئێستا بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ لەم شوێنانە پەیامیان دەنارد، چونكە سەرۆكەكان ھەمیشە لە دوورترین شوێنی بەرگری پەیام دەنێرن، بەلام بەداخەوە بەھۆی خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر دوورترین شوێنی بەرخودان پردێ بوو، لە پردێ سحێڵا سنوور بۆ سەركێشیەكانی عەبادی دانرا و خەونی ئەو جاشانەش بەتاڵ بوو كە لە حاجی ئومەران و ئیبراھیم خەلیل ھێزی ھاتنە ناوەوەی ھەولێر و دھۆكیان ئامادەكردبوو.

بارزانی دەیتوانی رۆژی یەكەم سەردانی بەرەكانی جەنگ بكات، بەلام ئەمرۆ ١٦ـی مانگ بوو، رێك ٨ مانگ بەسەر داگیركردنی كەركوكدا تێپەڕی، ئەمەش پەیامێكی دیكەی سەردانەكەیە.

كاتێك شنگال بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كرا بارزانی لەسەر چیایی شنگال پەیامی نارد، دڵنیام پەیامی سەرۆك لە كەركوك دەبینین، جا بە شەڕ بێت یان بە خۆشی، چونكە دۆخێ عێراق بە ئاراستیەكە كە پێدەچێت زۆر ئاڵۆز ببێت، ئێمەش چاوەڕێی دەرفەتێك یان ڕاپەرینێكی دیكەی كەركوك دەكەین.

ھەكار ھەركی

ھەواڵی زیاتر