لەترسی ھەواڵگری ئەمریكا، كیم جۆنگ ئاودەستەكەی لەگەڵ خۆی بردووەتە سەنگافورە

كیم جۆنگ ئۆن سەرۆكی كۆریای باكوور لە گەشتەكەیدا بۆ سەنگافوورە بەمەبەستی دیدارە مێژووییەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئاودەستە تایبەتەكەی لەگەڵ خۆیدا بردووە.

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە، كیم جۆنگ ئۆن لە میانی سەردانەكەیدا بۆ سەنگافوورە، كە بڕیارە سبەی سێشەممە لە سەیرانگەی دوورگەی سەنتۆسا لەگەڵ ترەمپ كۆبێتەوە، ئاودەستە تایبەتیەكەی لەگەڵ خۆی بردووە.

بەگوێرەی ئاژانسەكە، ئاودەستەكەی كیم جۆنگ گەرۆكە و دەتواندرێ ببرێتە هەر شوێنێك، كە سەرۆكی كۆریای باكوور بۆی بچێت.

سەرباری ئەوەش، پاسەوانەكانی كیم جۆنگ هاوشێوەی ناوەخۆی كۆریای باكوور، كاتێ سەرۆكەكەیان گەیشتە شوێنی حەوانەی خۆی لە سەنگافورە، لە دەوری كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكەیدا بازنەیەكی دروست كردبوو، لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەی دەرۆیشتن.

گۆڤاری (بزنس ئینسایدەر)ی ئەمریكی هۆكاری بەكارهێنانی ئاودەستە گەرۆكەكەی كیم جۆنگی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ناوبراو نایەوێ هەواڵگرییەكانی هیچ وڵاتێك نموونەی پیسایی ئەویان دەست بكەوێت و دواتر پشكنینی بۆ بكەن و باری تەندروستی ئەویان بۆ ئاشكرا بێت.

ھەواڵی زیاتر