دەمیرتاش: ئێمە دژایەتی خودی ئەردوگان ناكەین

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كە ماوەی 20 مانگە بەبێ حوكمی دادگا لە زینداندایە، رایدەگەیەنێ ئەو بارمتەی سیاسییە نەك زیندانی سیاسی. دەشڵێ دادگاكانی توركیا ناوێرن حوكمم بدەن، چونكە هیچ تاوانێكم لەسەر ساخ نەبووەتەوە.

دەمیرتاش لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (داگینز نوهیتەر)ی سویدی ئاماژەی داوە كە ئەو لەنێوان چوار دیواری زینداندا دەچێتە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و باوەڕی وایە كاندیدبوونی ئەو لە هی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئاكپارتی دەسەڵاتدار بەهێزترە.

سەركردە كوردەكەی باكووری كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستە 30 تۆمەتی رووبەروو كراوەتەوە و داوای 500 ساڵ زیندانیكردنی كراوە، بەڵام هیچ یەك لە تۆمەتەكانی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە.

لەبارەی ركابەرایەتی ئەردۆغانیشەوە گوتی “توركیا پێویستی بەگۆڕانكارییەكی ڕیشەیی هەیە، ئەوەندەی من بزانم لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە بەرەو ئەم گۆڕانكاریە هەنگاو دەنێین، بەلای ئێمەوە دژایەتیكردنی ئەردۆغان گرنگ نیە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە جێگرەوەیەكی دیموكراسی بۆ وڵاتەكە بدۆزینەوە”.

ھەواڵی زیاتر