توركيا دیجلە و فورات بەرووبارى نێوده‌وڵه‌تى نازانێ

نووسەر و چاودێرێكی سیاسیی كورد لەبارەی تەنگژەی ئاوی عێراقەوە ئاماژە بەوە دەدات كە دیجلە و فورات دوو رووباری نێودەوڵەتیین و دەبێ كێشەكە لە ڕێگەی ڕێكەوتنامەی نێودەوڵەتی چارەسەر بكرێت، بەڵام توركیا جیاواز لە وڵاتانی جیهان، ئەم دوو رووبارە بەنێودەوڵەتی نازانێت.

ئاسۆ كەریم نووسەر و چاودێری سیاسی لە وتارێكدا بەناونیشانی (قه‌يرانى نێوان عێراق – توركيا و، ئێران- عێراق) باسی لە تەنگژەی ئەم دواییەی ئاوی عێراق كردووە، كە چۆن لەلایەن هەردوو دراوسێیەوە ئاوی لەسەر بڕاوە.

ئاسۆ كەریم لە وتارەكەیدا چەند ڕاستییەكی بەخاڵ خستووەتەڕوو و نووسیویەتی كە هەردوو رووباری ديجله‌ و فورات، وه‌ك رووباره‌كانى دانوب، نيل، راين، دوو رووبارى نێوده‌وڵه‌تيین. رووبارى نێوده‌وڵه‌تییش ئه‌و رووباره‌يه‌ كه‌ هه‌رێمى دوو وڵات يان زێتر لێك جيا بكاته‌وه‌ يان ببڕێ و هه‌ر وڵاتێ ده‌سه‌ڵات و سياده‌ى به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ى رووباره‌كه‌دا هه‌بێ، كه‌ به‌ خاكى ئه‌ودا ده‌ڕوا. بەڵام توركيا، ئه‌و دوو رووباره‌ی دیجلە و فوراتە، به‌ رووبارى نێوده‌وڵه‌تى نازانێ.

نووسەر هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە له‌ ساڵى 1997دا به‌سه‌رپه‌رشتیى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، رێكه‌وتننامه‌يه‌كى نێوده‌وڵه‌تی تايبه‌ت به‌به‌كارهێنانى رووباره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ مه‌به‌ستگه‌لێكى ناكه‌شتيوانى مۆر كرا. عێراق له‌ 2001ه‌وه‌ ئه‌ندامى ئه‌و رێكه‌وتنامه‌يه‌يه‌، بەڵام ئێران و توركيا ئه‌ندامى ئه‌و رێكه‌وتنامه‌يه‌ نين. ئەمەش له‌ كاتێكدایە كە لە 17ى ئابى 2014ه‌وه‌، رێكه‌وتنامه‌ى 1997 كارى پێ ده‌كرێت. به‌ڵام توركيا و ئێران چونكه‌ ئه‌ندام نين له‌و رێكه‌وتنامه‌يه‌دا، پابەندیشی نین.

ئاسۆ كەریم نووسیویەتی كە به‌توركيا، ئێران، سوريا و عێراق ده‌گوترێ وڵاتانى حه‌وزى ئاويى رووبارى ديجله‌، واته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى دابه‌شكردنى دادوەرانەی ئاوى ديجله‌، هەقە ئه‌م چوار وڵاته‌ بگه‌نه‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌يه‌كى هاوبه‌ش. له‌ رێكه‌وتنامه‌ى لۆزانه‌وه‌ بگره‌ تا پرۆتۆكۆڵى 1946 و پرۆتۆكۆڵى 1978 و كۆنووسى 1980ى نێوان توركيا و عێراق، گرفت و كێشه‌ى ئاو له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاته‌دا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، ئەمەیە حاڵی ئەو وڵاتەی ئاوی بۆ دەچێ (المصب) به‌ ده‌ست وڵاتانى سەرچاوەی ئاو (المنبع).

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی كە توركيا و ئێران، خۆيان له‌ رووى سياسى و سه‌ربازييه‌وه‌ به‌به‌هێزتر ده‌زانن له‌ عێراق و سووريا، پره‌نسيپه‌كه‌ش ئەوەیە كە دەڵێ پێتده‌وه‌ستم ڕاناوه‌ستم. جگە لەوەش وڵاتی توركیا ئاو بۆ به‌ديهێنانى مه‌به‌ستى ئابوورى و سياسى و ئه‌منى و عه‌سكه‌رى به‌كارده‌هێنێ، به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ئاينده‌ى عێراقدا، ئه‌مه‌ بۆ ئێرانيش راسته‌.

ھەواڵی زیاتر