سەعدی ئەحمەد پیرە: خۆ کاندیدکردنی ئالا تالەبانی لەسەر لیستە عەرەبیەکان کارێکی گونجاو نەبوو

گوتەبێژیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لەو لیستە عەرەبییەدا ”کارێکی نەگونجاوە“ و پێشتر کارێکی لەم شێوەیە لەنێو یەکێتیدا نەبووە، بۆیە ”یەکێتی بەو کارە ڕازی نەبووە و ڕازیش نابێت“.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی لەبارەی خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدادییە) ڕایگەیاند: ”بەپێی بڕیار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بەبێ ئاگاداریی سەرکردایەتی ھەنگاو لەو بارەیەوە نانێت، جا ئەگەر بۆ گرووپی کوردیش بێ، یان غەیرە کوردی بێ، ھەر شتی وا نابێت”.

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگاداری بابەتی خۆ کاندیدکردنەکە نییە و لەو بارەشەوە کۆبوونەوە نەکرا، ھەروەھا ئەوە بابەتێکە بەرەو ڕووی کارگێڕەکان و سکرتێری گشتی، یا جێگری سکرتێر دەکرێتەوە”.

لەبارەی وەرگرتنی هەڵوێست لە بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی، سەعدی پیرە ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتییدا حەتمەن ئەوە باس دەکرێت، بەڵام لە بابەتی مانەوە و نەمانەوەی لەگەڵ یەکێتی، ئەوا دەبێتە ئیشی کۆنگرە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنگرە ئەوی ھەڵبژاردووە و کۆنگرەش دەتوانێ کۆتایی بە ئەندامێتی و مانەوە، یان نەمانەوەی بدات”.

ھەواڵی زیاتر