ئەردۆگان: خەریکە دەچینە نێو عەفرینەوە

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونەوە تا ئێستە، سێ هەزار و 400 چەكدار لە چالاکی خراون، ئێستەش خەریكە دەچنە نێو عەفرینەوە.

ئەردۆگان ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی “خەڵاتی چوارەمی نێودەوڵەتی بۆ چاکەکان” کە لە ناوەندی کۆنگرە و رۆشنبیری نەتەوەیی لە بەشتەپەی شاری ئەنقەرە بەڕێوەچوو، وتارێکی بۆ موفتییەکانی ھەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا پێشکەش کرد.

سەرکۆماری تورکیا گوتی “خەریکە دەچینە نێو عەفرینەوە، شتێکی ئەوتۆ نەماوە، بەڵام ئێمە بۆ داگیرکاری ناچینە ئەو شوێنە، ئێمە دەچینە عەفرین بۆ ئەوەی ئەوێ رادەستی خاوەنە راستەقینەی بکەینەوە”.

ئەردۆگان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرینەوە گوتی “لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند دیمەنێک دەبینین لە عەفرین کە بەدەرە لە مرۆڤایەتی، ھاووڵاتیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەھێنرێن، بەو فێڵ و تەڵاکانەی کە دایاناوە منداڵان بە کوشتن دەدەن، ئێمە ھیچ کاتێک ھاووڵاتیانی سڤیلمان نەکردووەتە ئامانج، ئەگەر ئەو کارەمان کردبا، زۆر لە زووەوە عەفرین کۆنترۆڵ کرابوو”.

سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی عەفرین و منبج و باکووری سووریا کۆنترۆڵ دەکەن، بێ ئەوەی مرۆڤایەتی و دادپەروەری فەرامۆش بکەن

ھەواڵی زیاتر