چاودێرانی سیاسی: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌ شپرزه‌یی بچێته‌ كۆنگره‌وه‌ به‌ پارچه‌ پارچه‌بوون دێته‌ ده‌ره‌وه‌

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، هه‌وڵى به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مى چڕتر كردووه‌ته‌وه‌، به‌ جۆرێك له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ى جیاوازى ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تیى ئه‌و حزبه‌دا ڕۆژى به‌ستنى كۆنگره‌ دیارى كرا، به‌ڵام یه‌كێتی نه‌یتوانى له‌و كاته‌دا كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستێت.

هه‌رچه‌نده‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ پێكه‌ێنراوه‌ و به‌شێكى زۆر ئیش و كاره‌كانى به‌ستنى كۆنگره‌ له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنه‌وه‌ قۆناغى تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی بڕیاری لێ نەداوە، به‌شێكى زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتی ده‌ڵێن، كێشه‌كانى یه‌كێتی هێنده‌ ئاڵۆزن به‌هۆى كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و باڵ و ئاڕاسته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، یه‌كێتی زاتى ئه‌وه‌ى نییه‌ هه‌نگاوى جدى بۆ به‌ستنى كۆنگرە بنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێنده‌ى دیكه‌ پرسی كۆنگره‌ دوابخرێت، ئه‌وكاته‌ خۆرى یه‌كێتی ئاوا ده‌بێ و ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌شى كه‌ ئێستا دڵى به‌ یه‌كێتى خۆشه‌ ئه‌وكاته‌ به‌شداریى كۆنگره‌ نه‌كات. چاودێرانى سیاسی پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پێش ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكات و به‌شێوه‌یه‌كى شپرزه‌یى بچێته‌ كۆنگره‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ به‌ پارچه‌ پارچه‌ بوون بێته‌ ده‌رەوه‌.

ئازادى سه‌گرمه‌، پێشمه‌رگه‌ى دێرین و كه‌سایه‌تیى دیارى ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، هه‌موو حزبێكى سیاسی پێویستى به‌ به‌ستنى كۆنگره‌ هەیه‌، چونكه‌ كۆنگره‌ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا دروست ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی ده‌مێكه‌ كۆنگره‌ى نه‌به‌ستووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كۆنگره‌یه‌كى پاك و بێگه‌رد به‌ شێوه‌یه‌كى یه‌كڕیزى و ته‌بایی به‌ كارێكى باش ده‌زانین بۆ به‌ره‌وپێشچوونی حزبه‌كه‌مان، بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارییه‌كى جدیى له‌ هه‌یكه‌لى یه‌كێتی ڕوو بدات، نه‌وه‌كو كۆنگره‌ بۆ لێكترزان و تێكچوونى یه‌كێتی بێت. گوتیشى: “دواكه‌وتنى كۆنگره‌ ئه‌گه‌ر پاساوی شه‌رعیى نه‌بێت باش نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئاوێك له‌ به‌رى نه‌ڕوات ئاینده‌ى دیار نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ ناه‌ه‌موار بێت، یان له‌ قۆناغى شه‌ڕ و حاڵه‌تێكى خوازراودا بین، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا كۆنگره‌ نه‌كرێت، ڕه‌نگه‌ بیانوویه‌كى یاسایی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌بێ هیچ هۆكارێكى دیاریكراو كۆنگره‌ دوا بخرێت كارێكى باش نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى یه‌كێتی كۆنگره‌ى نه‌به‌ستووه‌، بارودۆخى كوردستان باش نه‌بووه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ناو یه‌كێتی له‌سه‌ر نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ كه‌مته‌رخه‌میى ه‌ه‌بووبێت“.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: ”ئه‌گه‌ر یه‌كێتی كۆنگره‌ نه‌به‌ستێ و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ر ده‌كه‌وێت، وه‌كوو چۆن له‌ سه‌رده‌مى شاخدا یه‌كێتی پێویستى به‌ خه‌باتى چه‌كداریى سه‌خت هه‌بووه‌، بێ گومان ئێستاش پێویستى به‌ جۆرێك له‌ خه‌باتى دیبلۆماسی و سیاسی هه‌یه‌، چونكه‌ خه‌باتى دیبلۆماسی و جه‌ماوه‌رى له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا بۆ یه‌كێتی گرنگه‌، بۆیه‌ وا باشتره‌ به‌زوویى كۆنگره‌ ببه‌ستین، ه‌ه‌روه‌ه‌ا ئه‌گه‌ر كۆنگره‌یه‌ك بۆ به‌ه‌ێزكردنه‌وه‌ و تۆكمه‌كردنى یه‌كێتی بێت، بێ گومان ئه‌مڕۆ كۆنگره‌ بكرێت له‌ به‌یانى باشتره‌“.

ئازادى سه‌گرمه‌، باسی له‌وه‌ش كرد، پرسی به‌ستنى كۆنگره‌ زۆر كه‌سی نیگه‌ران كردووه‌، بۆ نموونه‌، ئێستا وه‌كو ئه‌وه‌ى لێهاتووه‌ ئێمه‌ هه‌موومان له‌ناو قوڕێكدا چه‌قیوین، ناكرێت له‌ناو ئه‌و قوڕه‌دا بمێینه‌وه‌ تاوه‌كوو قاچمان ده‌ڕزێت، پێویسته‌ هه‌وڵێكى بنه‌ڕه‌تى بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌و قوڕه‌ بێینه‌ ده‌رەوه‌، ه‌ه‌ر كاتێكیش یه‌كێتى له‌و قوڕه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و توانیى كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكات، بێ گومان ئه‌وكاته‌ ده‌توانێت پێگه‌ى خۆى به‌هێز بكاته‌وه‌.

كۆنگره‌ یه‌كێتیی پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات

به‌شێكى زۆر له‌ سه‌ركره‌كانى یه‌كێتیی نیشتمانى پێیان وایه‌، به‌هۆى كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ یه‌كێتی ناتوانێت كۆنگره‌ به‌ستێت، چونكه‌ یه‌كێتی ڕووبه‌ڕووى زۆرترین كێشه‌ى ناوخۆیی بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كانى خۆى چاره‌سه‌ر نه‌كات، یان به‌و كێشانه‌وه‌ بچێته‌ ناو ه‌ۆڵى كۆنگره‌، ڕه‌نگه‌ یه‌كێتی به‌ پارچه‌ پارچه‌یى بێته‌ ده‌رەوه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ دانا سه‌عید سۆفى، په‌رله‌مانتارى پێشووى یه‌كێتی و كادیرى پێشكه‌وتووى ئه‌و حزبه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ ڕایگه‌یاند: “دواخستنى كۆنگره‌ كاریگه‌ریى خراپى بۆ ناوخۆى یه‌كێتی ده‌بێت، چونكه‌ نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ له‌ كاتى خۆیدا سه‌ركردایه‌تى ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌روه‌ه‌ا كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ ناوه‌ندێكى دیاریكراوى بڕیار نابێت، چونكه‌ ئێستا یه‌كێتی له‌ زۆربه‌ى پرسه‌كاندا ناتوانێت ه‌ه‌ڵوێستى خۆى به‌ته‌واوه‌تى یه‌كلایى بكاته‌وه‌، ه‌ۆكاره‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ى كه‌ ئێستا ه‌ه‌یه‌ شه‌رعییه‌تى ته‌واوى نییه‌، بۆیه‌ به‌ بۆچوونى من گرنگه‌ هه‌موو حزبێك شه‌رعییه‌تى سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى نوێ بكاته‌وه‌، بێ گومان ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ى كۆنگره‌وه‌ ده‌كرێت“.

گوتیشى: ”ئه‌و باڵانه‌ى له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ شێوازێكى جیاواز ده‌یه‌وێت یه‌كێتى كۆنگره‌ به‌ستێت! به‌داخه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم، نه‌بوونى متمانه‌ له‌ناو باڵه‌كانى یه‌كێتى یان له‌ناو هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتی كاریگه‌ریى خراپى دروست كردووه‌ و وای كردووه‌ كه‌ پرسی كۆنگره‌ له‌ناو یه‌كێتی هه‌میشه‌ دواكه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌ڵام باشتره‌ یه‌كێتی كۆنگره‌ به‌ستێت نه‌وه‌كو بیر له‌ به‌ستنى پیلینۆم بكاته‌وه‌، چونكه‌ پیلینۆم ده‌ره‌قه‌تى كێشه‌كانى یه‌كێتی نایه‌ت، دواجار ئه‌گه‌رێكى زۆر ه‌ه‌یه‌ یه‌كێتی دواى ه‌ه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كۆنگره‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌مه‌ناى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین یه‌كێتی ه‌ێنده‌ى دیكه‌ كۆنگره‌ دوانه‌خات، چونكه‌ ه‌ه‌ر دواخستێنك ه‌ێنده‌ى دیكه‌ ململانێكان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌ و كاریگه‌ریى خراپى ده‌بێت بۆ بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى یه‌كێتی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی پرسی كۆنگره‌ یه‌كلایى نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ جه‌ماوه‌ر متمانه‌ى كه‌مترى به‌ یه‌كێتی ده‌مێنێت.

داناى سه‌عید سۆفى، ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد: ”له‌ناو یه‌كێتی چه‌ند باڵێكى جیاواز هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، كه‌ بڕیار له‌ شوێنێكى دیاریكراو نه‌درێت، بێ گومان كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و باڵ و بۆچوونانه‌ كارێكى ئاسان نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو ه‌ه‌موو حزبێكدا ده‌بێت، په‌یڕه‌ و پڕۆگرام مه‌رجه‌ع بێت، به‌ڵام كاتێك بینیمان له‌ناو یه‌كێتی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام نه‌بووه‌ به‌ مه‌رجه‌ع، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پەیڕه‌و و پڕۆگرام مه‌رجه‌ع بوایه‌ ده‌بوایه‌ یه‌كێتی سیلسیله‌ى ده‌سه‌ڵات و باڵه‌كانى تاوه‌كوو به‌ستنى كۆنگره‌ یه‌كلایى بكردایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك په‌یڕه‌و پێشێل بكرێت، چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ ململانێكان زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپیان هه‌بێت”.

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی كۆنگره‌ نه‌به‌ستێ ده‌پووكێته‌وه‌

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌، له‌ لێدوانێكدا به‌ ڕایگه‌یاند، یه‌كێتی نه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت و نه‌ پیلینۆم، چونكه‌ باڵه‌كانى ناو یه‌كێتی وایان كردووه‌، هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ جۆرێك بۆ موزایه‌ده‌ى سیاسیی خۆى باسی به‌ستنى كۆنگره‌ بكات، ئه‌گین له‌ واقیعدا هیچ كه‌سێك نیه‌تێكى باشى نییه‌ بۆ به‌ستنى كۆنگره‌. گوتیشى: “كۆنگره‌ وه‌ك ه‌ه‌ناسه‌دان بۆ یه‌كێتی پێویسته‌، به‌ڵام ه‌ه‌ست ده‌كه‌ین كۆنگره‌ بووه‌ به‌ مۆته‌كه‌ و هه‌ناسه‌ى یه‌كێتیی توند كردووه‌، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسی گوێى خۆیانى له‌ كه‌ڕ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌په‌له‌ هه‌وڵى به‌ستنى كۆنگره‌ نه‌دات، ئه‌وكاته‌ ڕه‌نگه‌ كێشه‌كانى یه‌كێتی بته‌قنەوه‌ و هێنده‌ى دیكه‌ ئه‌و حزبه‌ى كه‌ ساڵانێكى دوورودێژه‌ خه‌بات و تێكۆشانى كردووه‌، به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ و لێكترازان هه‌نگاو بنێت“.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، كۆنگره‌ بۆ یه‌كێتی زۆر گرنگه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر كۆنگره‌یه‌كدا سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌روه ها به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌رفه‌تێكیشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌شێكى زۆرى كێشه‌ و ململانێكان، گوتیشى: ”ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى هه‌وڵێكى زۆر بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م ده‌دات، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و ه‌ه‌لومه‌رجه‌ى ئێستا به‌ناوی یه‌كێتییەوە هه‌یه‌، ئه‌گه‌رێكى زۆر هه‌یه‌ به‌ستنى كۆنگره‌ بكه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان هه‌وڵى به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى یه‌كێتی چاره‌سه‌ر بكه‌ین“. ده‌رباره‌ى چاره‌نووسی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، فه‌رید ئەسه‌سه‌رد ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیین ئه‌گه‌ر ده‌ستیان له‌ كار نه‌كێشابێته‌وه‌، بێ گومان ده‌توانن به‌شداریى كۆنگره‌ى چواره‌م بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى من بزانم دكتۆر نه‌جمه‌دین ده‌ستى له‌ كار نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌ و ده‌توانێت به‌شداریى كۆنگره‌ بكات، بۆیه‌ به‌شداریكردنى دكتۆر نه‌جمه‌دین له‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتی په‌یوه‌ندیى به‌ ه‌ه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ نییه‌، بێ گومان ئه‌گه‌ر ئه‌و بیه‌وێت به‌شداریى كۆنگره‌ بكات، ئه‌وا ده‌توانێت هاوشێوه‌یه‌ى ه‌ه‌موو به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتی به‌شداریى كۆنگره‌ بكات”.

ھەواڵی زیاتر