یەکێتی و گۆڕان و بەرهەم ساڵح بۆ لێدان لە ئیسلامیەکان رێککەوتن

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە گۆڕان و بەرهەم ساڵح کۆبۆتەوە و داوای دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی رانەگەیەنراوی لێ کردوون.

دوای ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی سەرکەوتوو نەبوو لە گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و بەهۆی نارەزایەتی جەماوەر و گەنجانی گۆڕانیشەوە سەرکردایەتی گۆڕان نەیتوانی رێککەوتننامەی دەباشان جێبەجێ بکات، یەکێتی نیشتیمانی پرۆژەیەکی بەدیلی خستۆتە بەردەم خانەی راپەراندنی گۆڕان و باڵی بەرهەم ساڵح.

ستراتیجە نوێکەی یەکێتی چەندین تەوەر و بواری گرنگ لە خۆ دەگرێت لە دابەشکردنی بودجەی سلێمانیەوە بۆ مەلەفی نەوت و غازی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە.  هەروەک پلانێکی ورد بۆ چۆنێتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و عێراق دارێژراوە.

بەپێی پلانەکە، گۆڕان و بەرهەم ساڵح کار لەسەر دەنگی ئیسلامیەکان دەکەن و لیستەکانیان هیچ کەسایەتیەکی تێدا نابێت کە دەنگی یەکێتی ببات.

چاودێرێکی سیاسی بە ‘ئاژانسی پەیامنێر’ی وت “ئەگەر سەرنجێک لە لیستەکانی بەرهەم ساڵح و گۆڕان بدەین دەبینین کە تەنها ئەو کەسایەتیانەیان کاندید کردوە کە دەکرێت دەنگی بەشێک لە جەماوەری ئیسلامیەکان و دەنگی نارازی ببەن . ئەمەش لە یەک کاتدا یەکێتی بەهێز دەکات چونکە جەماوەری یەکێتی دەنگ بەو کاندیدانە نادەن و لە هەمان کاتیشدا ئیسلامیەکان لاواز دەکات چونکە ئیسلامیەکان ناچار دەبن بۆ پاراستنی دەنگەکانیان شەڕی دۆستە دێرینەکانیان بکەن کە هەندێکیان لە رابردوودا ئەندامی خۆیان بوون.”

ھەواڵی زیاتر