سبەی شاندێك لە بەغداوە دەگاتە ھەولێر، چاوەڕوان دەكرێت كێشەی مووچە و فڕۆكەخانەكان یەكلایی ببێتەوە… وتەبێژی حكومەتی ھەرێم باسی ھاتنی شاندەكە دەكات

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عەبادی ئاشکرادەکات. دەشڵێت، هاتنی شاندەکەی بەغدا بۆ هەولێر بۆ دوایین گفتوگۆکانە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق شەوی پێنجشەممەی رابردوو (8-3-2018) بووە. بەپێی زانیارییەکان، پەیوەندییەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە و تاوتوێی زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەردوولا کراوە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە شەوی پێنجشەممە بوو. قسە لەسەر کۆمەڵێ تەوەر کرا، کە پێشتر لە کۆبوونەوەکانی هەردوو سەرۆکوەزیران لە بەغدا، داڤۆس و میونشن باسکرابوون؛ وەک پرسی مووچە و فڕۆکەخانەکان و چارەسەری سەرجەم کێشەکان”.

ئەمشەو (یەکشەممە 11-3-2018)  شاندێكی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی گەیشتە هەولێر. سەفین دزەیی دەڵێت “هاتنی شاندەکە بۆ دوایین گفتوگۆیە لەسەر پرسەکان”.

هەفتەی رابردوو (6-3-2018)، عەبادی بەڵێنێکی نوێی بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا، وادەی “پێش نەورۆز”ی بۆ ناردنی مووچەی “بەشێک” لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد. ئێستا حکومەت و فەرمانبەرانی کوردستان چاوەڕێن لە 10 رۆژی داهاتوودا عەبادی بەڵێنەکەی بباتەسەر.

هەموو لایەنەکانی باشووری کوردستانیش چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی مووچە لە بەغداوە دەکەن.

سەعدی پیرە، ئەندام و گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر هەوڵەکانی عەبادی بۆ ناردنی مووچە هەندێک دوودڵە و دەڵێت “چونکە ئەوەندی گوتووە و دووبارەی کردووەتەوە گومانمان هەیە، بەڵکو ئەمجارە راستبکات”.

عومەر مەلائیکە، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت “پێدەچێت ئەمجارە راستبکات و لاپەڕەیی نوێ بکاتەوە”.

رووداو

ھەواڵی زیاتر