لەبارەی رەفتارەكانی فەرهاد پیرباڵ بنەماڵەكەی روونكردنەوە دەدەن

بەهۆی ئەو رەفتارانەی كە لەماوەی رابردوو و چەند رۆژی رابردوو لەهەولێر بەتایبەت ئەنجامی داوە، بنەماڵەی دكتۆر فەرهاد پیرباڵ رونكردنەوەیەك بڵاو دەكەنەوە .

لەروونكردنەوەیەكی باوەش سەباح پیرباڵ كە وێنەیەكی روونكردنەوەكە بۆ ئاژانسی پەیامنێر نێردراوە تێیدا هاتوە، ئێمە وەك بنەماڵەی (د.فرهاد) نیگەرانی زۆری خۆمان دەردەبڕین بەم هەڵسووكەوتە ناشایستە و ناڕەواو و نابەجێیانەی كە ناوبراو ئەنجامی دەدات لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لە شاری هەولێر.

راشیدەگەیەنن، كە ئەم جۆرە رەفتارانەی ناوبراو پەیوەندی بەبارودۆخی لایەنی دەروونی هەیە كە تێكچووە و لەهەمان كاتدا ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر بووە و لە بارودۆخێكی زۆر خراپی تەندرووستی دایە، نەشمان توانیوە چارەسەری بكەین.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە بنەماڵەی (پیرباڵ قصاب)ەوە بۆ ڕای گشتی.

ئێمە وەك بنەماڵەی (د.فرهاد) نیگەرانی زۆری خۆمان دەردەبڕین بەم هەڵسووكەوتە ناشایستە و ناڕەواو و نابەجێیانەی كە ناوبراو ئەنجامی دەدات لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لە شاری (هەولێر) ، وە بە تایبەتی ئەم هێرشانەی كە بە جوێنی ئابرووبەرانە دەیكاتە سەر كەسانی ناودار و بەرپرسان ، لێرەوە داوای لێبووردن لە گشت لایەك دەكەین و ڕایدەگەیەنین ئێمە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوش و باری تەندرووستی ناوبراوین كەوا لایەنی دەروونی تێكچووە و لەهەمان كاتدا ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر بووە و لە بارودۆخێكی زۆر خراپی تەندرووستی دایە ، وە ئێمە وەك و بنەماڵەی ناوبراو نەمانتوانی چارەسەری بكەین چونكە خۆی نادات بەدەستەوە و ئامادەنەبووە گوێڕایەڵی ئێمە بێت لە پرۆسەی چارەسەریەكە ، بۆیە تكا لە هاوولاتیان دەكەین خۆیان بەدوور بگرن لە هامشۆكردن و سەردانیكردنی ناوبراو یاخود نزیكبوونەوە لێی لەسەر شەقامەكان ، چونكە ناوبراو لە ئێستادا مەترسیە لەسەر ئاسایش و سەلامەتی گشتی لە كۆمەڵگەدا ، هەربۆیەش داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ڕێگاچارەیەكی بەپەلە و گونجاو پەیڕەو بكات لە بەرامبەر ناوبراودا.

لەگەڵ ڕێزماندا.

9ی ئاداری 2018

ھەواڵی زیاتر