پەکەکە هەمووانی قەبوڵە بەس کورد نەبێت!

بیروڕا : سوران خاكی

وپارتی کرێکارانی کوردستان #پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەڵگری دروشمی خەباتی گەلان بووە ، بەڵام هێندەی خەباتی بۆ گەلانی دیکە کردووە ، هێندەش ئاستەنگی بۆگەلەکەی خۆی دروستکردوە لە چوار پارچەی کوردستان .

ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە وەرگرین لەگەل دروستبوونی شۆڕشی سوریا ڕژێمی ئەسەد لەتەواوی ناوچەکە کشایەوەو تەسلیمی پەکەکەی کرد لەژێر ناوی پەیەدە ، کە پەیڕەوی سیاسەتی پەکەکەی دەکردو بڕیاری قەندیلی جێبەجێ دەکرد جگە لەخۆی هیچ لایەنێکی تری قەبوڵ نەبوو ، سەرەڕای ئەوەی دۆخێک هاتبووە پێش بۆ چالاکی سیاسی سەرجەم حزبەکان لە ڕۆژئاوا بەڵام پەیەدە هاوشێوەی ڕژێمی ئەسەد هەر زوو زیندانەکانی تەژی کرد لەو حزبانەی کە بەنەیاری خۆی دەزانین و چەندانی لێ دەربەدەر کردن و بەشێکیان ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد ، حکومەتی هەرێمیش باوەشی فراوانی بۆ کردنەوە ، لەم نێوەندەدا حکومەتی هەرێم بڕیاری دا هێزێک بۆ ئەمان دروست بکات لەڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دابین کردنی سەرجەم پێداویستیە سەربازی و لۆجستیەکانی گرتە ئەستۆی خۆی کە دواتر بە لەشکری ڕۆژ ناسێندران و دەوری کاریگەریان هەبوو لەتێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش چەندان شەهیدیان لەپێناوی خاکی کوردستان دا ، ئەم هێزە زۆر هەوڵیان دا بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵیان هەبێت لە پاراستنی خاکی کوردستانی ڕۆژئاواو خەڵکەکەی بەتایبەت لەسەردەمی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەگشتی وشاری کۆبانێ بەتایبەتی ، بەڵام پەیەدە ڕێگری کرد لەوەی ئەو هێزە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا ئەمە لەکاتێکدا چەندین هێزی لایەنی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستان دا هەبوون بیانووی پەیەدەش ئەوەبوو کە ئەو هێزە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا شەڕی براکوژی ڕوودەدات ، چونکە ئەو هێزە بڕیاری لەقەندیلەوە وەرنەدەگرت هاوشێوەی ئەوان .

ئەوەتا ئەمڕۆش دەبینین دوای یەک مانگ بەرگری کردن لە شاری عەفرین و گیان بەختکردنی چەندان ڕۆڵەی قارەمان ، بەفیکەیەکی ئێران و چەقەنەیەکی پەکەکە لە قەندیل ڕێگە درا هێزی ڕژێمی سوریا و چەتەو شەبیعەکانی ئەسەد بەناوی هێزی میللی ڕۆژئاوا بگەڕێنەوە ناو شاری عەفرین بەناوی پاراستنی شاری عەفرین !

لەکاتێکدا لەشکری ڕۆژ هێزێکی کوردی پڕڕچەک و پڕڕ ئەزموونی ڕاهێنراوبوو بەڵام قەدەغەبوو بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا چونکە لەژێر بڕیاری قەندیل دا نەبوو.

لێرەوە سیاسەتی پەکەکە بەڕوونی دەردەکەوێت و دروشمە درۆینەکەی هەڵیگرتووە پێچەوانە دەبێتەوە کە لەپێناو مافی هەموو گەلێک شەڕی کردووە بەڵام بۆتە گەورەترین کێشە بۆ گەلەکەی خۆی .

ھەواڵی زیاتر